نێچیرڤان بارزانی: نیگەرانی شەش لایەنهكەین و داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم بێتە سەر خەت
لهدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە جدی بەشدار دەبین لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لەبارەی نیگەرانی شەش لایەنی کوردستانی لە ئەنجامی هەڵبژاردن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئەو شەش لایەنەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیەوە لەپرسی هەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکووک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە، بەڵام هەر نیگەرانییەک هەیە دەبێت بڕەوێتەوە، نیگەرانی ئەو شەش لایەنە بە جدی وەردەگرین و وەک سەرۆکوەزیران داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات”.
له بارهی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی:“لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا دەستپێدەکات، ئێمەش وەکو لایەنی خۆمان، لایەنی کوردی زۆر بە جدی بەشدار دەبین لەو گفتگۆیانەی لە پێناو حکومەتی تازەدا دەکرێت. بە تەئکید هەرێمی کوردستان هەست دەکات کە قۆناخێکی تازەیە لە دەستپێکردنێکی تازە لە عێراقدا، دەیەوێت لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت لەگەڵ بەغدا ئینشەڵڵا بگات بە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق و گەلی کوردستانیشدا بێت، بەو هیوایەوە دەڕواتە بەغدا، لەو بابەتەدا یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان یەکجار زۆر گرنگە، پێویستە یەکڕیزی ناوخۆمان بپارێزین و بە یەکگرتوویی لە بەغدا ئامادە ببین”.