یاساناسێك: ئه‌گه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ بایكۆت بكه‌ن جگه‌ له‌وه‌ی نا یاساییه‌ كۆمسیۆن ده‌توانێت جێگه‌یان بڕبكاته‌وه‌

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چەند قەوارەیەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان باسیان لەوەكرد كە دەستكاری دەنگەكانیان كراوە و ئەگەر داواكاریەكانیان لە بارەی دووبارەكردنەوەی پرۆسەی دەنگدان بە هەند وەرنەگیرێت، یەك لە بژاردەكانی بەردەمیان، بایكۆتی پرۆسەی سیاسیە.
لەو بارەوە حاكم شێخ لەتیف یاساناس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگه‌یاندووه‌: “بایكۆتی سیاسی ئەگەر بەو واتایە بێت، كە ئەو لیستانەی بەشێك لە كاندیدەكانیان سەركەوتوون، نەچنە پەرلەمان، ئەمە لە رووی یاساوە رێگەپێدراو نییە”.
گوتیشی: “كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران 329 كورسین و بە گوێرەی یاسا دەبێت پڕبكرێنەوە، ئەگەر بێت و هەر یەك لە لیستە ناڕازیەكانی هەرێم بڕیار بدەن نەچنە بەغدا، لە ماوەیەكی دیاریكراودا كۆمسیۆن و پەرلەمانی عیراق ئەو كورسیانە بەو لیستانەی تر پڕدەكەنەوە كە دوای ئەو لیستانەی بایكۆتیان كردووە زۆرترین دەنگیان هێناوە”.
حاكم شێخ لەتیف باسی لەوەشكرد، لە وەها حاڵەتێكدا ئەو لایەنانەی بایكۆت دەكەن و جێگەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران پڕ دەكرێتەوە، بوونیان لە كوردستان ئەو كاریگەریەی لەسەر بەغدا نامێنێت.
ئەو یاساناسە كە ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بوو، پێشنیازیكرد، كە لیستە ناڕازیەكانی هەرێم، بچنە بەغدا و لەوێش دوو بژاردەیان لەبەردەم دەبێت، یان ببنە ئۆپۆزسیۆن، یان بەشداری لە حكومەتی داهاتوودا بكەن.

Back to top button