سبه‌ی مه‌راسیمی ساڵیادی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌ر پرسانی یه‌كێـتی بۆیان نیه‌ به‌شدار بن

دوای تێپه‌ڕینی سالێك به‌سه‌ر كۆچی دوای رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌وشیروان مسته‌فا, گۆڕان له‌ ئێستادا ئاماده‌كاری بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كات و به‌پێی زانیارییه‌كانیش هه‌ڵسوراوانی گۆڕان داوایان كردووه‌ ڕێگه‌ نه‌درێت سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌شداری له‌ بۆنه‌كه‌ بكه‌ن.

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگری سه‌رۆكی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ڕاگه‌یاند: “سبه‌ی له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی، ساڵیادی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ ئێستاشه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر خۆی ئاماده‌ كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شداری له‌و بۆنه‌یه‌ بكه‌ن”.

گوتیشی: “ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌س و لایه‌نێكدا هه‌بێت، ئاماده‌نین له‌و مه‌راسیمه‌دا هیچ كه‌سێك ده‌ربكه‌ین، به‌ڵكو ڕێز له‌ هه‌موو میوانێك ده‌گرین”.

ڕاشیگه‌یاند: “ڕاسته‌ ئه‌و شه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌، هێزێكی یه‌كێتی ته‌قه‌ی له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد دواتر له‌ نێوان قادری حاجی عه‌لی و شێخ جه‌عفه‌ر قسه‌ی ڕه‌ق ڕوویداوه‌، به‌ڵام خۆ له‌و مه‌راسیمه‌دا قسه‌ ڕه‌قه‌كان به‌ شێخ جه‌عفه‌ر ناڵێینه‌وه‌”.

ژاژڵه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌وان ته‌نیا ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوشێوه‌ی ڕۆژی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی ڕێكخه‌ری كۆچكردووی بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌ندێك لایه‌نگری گۆڕان له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا قسه‌ی جۆراوجۆر بكه‌ن، دواتر ئه‌و قسانه‌ ببێت به‌ماڵ حزبه‌كه‌وه‌.

هه‌روه‌ها (خواكوڕك) زانیویه‌تی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان داوایان له‌ سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كه‌یان كردووه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوه‌تنامه‌ بۆ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان نه‌نێرن بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمی ساڵیادی كۆچی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌ڕه‌شه‌یان ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ ببینن كاردانه‌وه‌ی توندیان ده‌بێت.

ڕۆژی 19/5/2017 نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی به‌ نه‌خۆشی و له‌ ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

Back to top button