یه‌كێتی كاربۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كات

پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ١٥ ساڵه‌ له‌ ده‌ستی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندایه‌ ،به‌ڵام ١٥ چركه‌ سه‌رۆككۆماری عێراق به‌رگری له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی كوردستانی نه‌كردووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ندین تێبینی له‌سه‌ر ئه‌دای سه‌رۆكۆماری عێراق هه‌بووه‌،به‌ تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ( فواد مه‌عسوم ) كاتێك موچه‌و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بردراو دواتر شه‌ری داعش و١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ ڕاده‌ستكردنی كه‌ركوك خانه‌فین و دوز خورماتوو تاده‌گاته‌ جینۆسایدكردنی كورد و شكاندنی شكۆو هه‌یبه‌تی كوردان ته‌نها وشه‌یه‌كیش له‌زاری سه‌رۆككۆماری عێراق نه‌هاته‌ ده‌ر، ئێستا پارتی بریاری خۆیداوه‌و كه‌ چیتر پێویسته‌ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق وه‌ك خه‌ڵات نه‌به‌خشرێته‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان .

له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنیدا نیچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق جارێكی دیكه‌ بۆ كورد ده‌بێت ،مه‌رج نییه‌ بدرێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتی ،به‌ڵام پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق گرنگتره‌ بۆ كورد ، ئایا پێكهاته‌كان ڕێكده‌كه‌ون كه‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بدرێته‌ كورد؟ “.

لای خۆشیه‌وه‌ عه‌تا سه‌راوی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی گوتویه‌تی :” جگە لە د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق، كاندیدی داهاتوومان بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق د. محەمەد سابیرە”.

هه‌روه‌ها عه‌تا سه‌راوی ده‌شڵێت:” هەریەك لە مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، ئەرسەلان بایز، عەدنان موفتی و حاكم قادر، دەتوانن ببنە كاندیدی ئەو پۆستە و بۆ ئەو ئەركە كەسانی گونجاوون”.

دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ عومه‌ر به‌رزنجی باڵیۆزی عێراق له‌ڤاتیكان ڕایگه‌یاند، “شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ من كه‌ خۆم بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید كردوه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق، پارێزگاریكردن له‌سیستمی دیموكراتی”.

مادده‌ی٦٧ی ده‌ستووری هه‌میشه‌ی عێراق ده‌ڵێت “سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆكی وڵات و نیشانه‌ی یه‌ك پارچه‌یی نیشتمان و سه‌روه‌ری وڵاته‌، هه‌وڵده‌دات بۆ پابه‌ند بوون به‌ ده‌ستوور و پارێزگاری له‌ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری و یه‌كێتی و پاراستنی خاكی عێراق به‌پێی بڕگه‌كانی ده‌ستوور!.

Back to top button