موقته‌دا سه‌در: دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان خەونی دۆڕاوەكانە

دوای ئەوەی چه‌ند حزبێكی كوردی و لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی داوایەكی بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق ورووژاند، لیستی (ئەلسائیرون)ی موقتەدا سەدر لە وەڵامدا گوتی دەبێ خەون بەمەوە ببینن.

ئەمڕۆ هەینی لیستی سائیرون وەڵامی داواكەی لیستی دەوڵەتی یاسای دایەوە بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەوەی “هەر لایەنێكی سیاسیی دۆڕاو مافی خۆیەتی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە سكاڵا بكات و تانە لە ئەنجامەكان بدات، ئەركی كۆمسیۆنیشە چاو لە سكاڵاكان بكات و وەڵامیان بداتەوە، ئەوەی پێویستی بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی هەبوو، جێبەجێی بكات”.

لەبارەی داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیشەوە، سەباح ساعدی سەركردە لە لیستی سائیرون گوتی ئەمە خەونی دۆڕاوەكانە، ڕێگە نادەین ئەم خەونەی دۆڕاوەكان بێتەدی”.

هەروەها گوتی ئەم سەركەوتنە مێژووییەی سائیرون بەدەستی هێناوە، دوای گردبوونەوە ملیۆنییەكانی ناڕەزایی هاووڵاتیانی عێراقە لە دژی ئەو رووخسارانەی خێریان بۆ عێراق نەهێنا.

لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، كە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، لیستی هاوپەیمانی سائیرون بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر پلەی یەكەمی بەدەست هێنا.

Back to top button