هوشیار زێباری : كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌ربازكردنی نوێنه‌ره‌ گه‌نده‌ڵكاره‌كانه‌

هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری دارایی حكوومه‌تی عێراق، به‌ پێویستی ده‌زانێ كۆی كوتله‌كانی په‌رله‌مان بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێ شه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكه‌ن.
 
هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری دارایی حكوومه‌تی عێراق له‌ پۆستێكیدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تی:” پێویسته‌ له‌ لایه‌ن كۆی كوتله‌كانی په‌رله‌مانی نیشتیمانی دانیشتنی چاوه‌ڕوانكراوی سبه‌ینێ ١٩ی٥ی٢٠١٨په‌رله‌مانی عێراق بایكۆت بكه‌ن، كه‌ سه‌رۆكه‌ ئیخوانچییه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌لیم جبووری داوای كردووه‌.”
 
هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: ”داوای دانیشتنه‌كه‌ بۆ ده‌ربازكردنی نوێنه‌ره‌ گه‌نده‌ڵه‌كانه‌ و، ده‌یانه‌وێ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراتی بووه‌، له‌بار ببه‌ن كه‌ له‌ ١٢-٥ی ئه‌مساڵ ئه‌نجام دراوه‌”.
 
هه‌روه‌ها هوشیار زێباری ده‌شڵێت: ”پێویسته‌ كۆی سكاڵا و تانه‌كان ڕێڕه‌وی یاسایی خۆیان به‌گوێره‌ی ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٢٠١٧ بگرێته‌ به‌ر، به‌سه‌ یاریكردن به‌ یاساكانی وڵات به‌ڕێزان.”
 
زێباری له‌ وه‌ڵامی سه‌رنجێكیشدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێ”ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ خه‌ڵه‌تێنه‌ر و بۆمبڕێژكراوه‌دا ناكه‌ین.”
Back to top button