تیرۆریستیش تەقیمی سەفەری سیاسی دەکات!
کاوە میران
حەیف و مخابن دۆخی هەرێمی کوردستان لە نێو مەعمەعەی سیاسیدا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی سۆران عومەرێکی فکر ڕەش وتاریکخواز.. کەسێکی تیرۆریستی گۆشکراوی نێو کولانەی ئەمیرە عەقڵ داخراوو سەربڕەکان، بێت و تەقیمی سەفەری سیاسی بۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی بۆ بەغدا بکات!
لەڕاستیدا هیچ گلەییمان لەم کۆنە جیهادییە تیرۆریست و تاوانکارەی خێڵی حەمە نییە، کە بەم زمانە پیس وناشیرینە، دەم لە سیاسەت و شرۆڤەی لە گۆترە دەدات، چونکە مەعلومە کەسێک خاوەنی فکری تیرۆریستی هێندەڕەش وتاریک بێت، تەقیمەکەی هەر ئەوە دەبێت، کە سۆرانی عەلی باپیر دەیکات، جا بۆیە ئێمە زۆر کەیفخۆشین کە کەسێکی ئیرهابی، بەم سلبیات و دەرونڕشیەوە تەقیمی سەفەری سیاسی گەورە پیاوانی وەڵات دەکات.
ئەگەر تیرۆریستێک ئەو هەنگاوەی شاندی کوردستان بۆ بەغدا ئیجابیانە شەرح بکات، ناچارین لە هەنگاوەکەی هەولێر –بەغدا بکەوینە دنیایەک شک وگومانەوە! ئاخر ئەگەر لەم وڵاتەدا سیستەم و یاسایەک هەبوایەو ململانێ سیاسییەکان هەموو سنوورە ئەخلاقی و بەها ئینسانییەکان تێپەڕنەکردبا، ئەو قوتابییەی زەرقاوی هێندە خۆشنیهاد وچەلەنگ بوو، لە قەپێڵکی تیرۆرەوە ئازادانە بسوڕێتەوەو ژینگەی سیاسیی کوردستان پیس بکات..
ناوبراو بەم زمانە شڕ و ناشرینەی سوود لەم ئازادییەی خوێنی شەهیدان و سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، رۆژانە بە ڕاست وچەپی ئەم وڵاتەیا هەڵدەشاخێ وکەس لێی ناپرسێتەوە! بۆیە دەبوایە ئیستا شوێنی ئەو تیرۆریستە، بەردەم دادگاو ئەودیو شیشەکانی زیندان بوایە، نەک سەرتەلەفزیۆن و بەکارهێنانی مینبەری مافی مرۆڤ و پارلەمان.!!