نێچیرڤان بارزانی له‌په‌یامی پیرۆزبایه‌كه‌ی دا بزانه‌ بۆچی باسی گه‌نجانی پارتی له‌راگه‌یاندن ده‌كات

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەركەوتنی لیستی پارتی په‌یامێكی سه‌ركه‌وتنی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌دا” داوای یەكڕیزی لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، هەروەها جەخت لەسەر دروستكردنی حكومەتێكی هاوبەشی تازەی عێراقی دەكاته‌وه به‌پێى بنەمای تەوافوق و لەسەر بنچینەی هاوبەشییەكی كارای كورد وەك نەتەوەی هاوبەش لە عێراقدا.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها له‌په‌یامه‌كه‌ی دا له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنی پارتی ده‌شلێـ”بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگريی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی-یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا”.

دەقی پەیامی سەركەوتن و پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی…

جەماوەری خۆشه‌ويست و تێكۆشەری پارتى،

ئەم سەركەوتنە سه‌ره‌تا له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، ئينجا لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكڕاى گه‌لى كوردستان پیرۆز دەكەم. ئەم سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە. بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگريی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی یە لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا.

لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتيی پارتی، ئه‌نجومه‌نه‌كانى سه‌ركردايه‌تيى پارتى له پارێزگاكان، مەكتەبەكانی پارتی، ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رى و پيشه‌ييه‌كان، هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەرپەرشتيی كەمپینەكانی هەڵبژاردنیان دەكرد لە پارێزگاكاندا، هەموو لق و ناوچە و ڕێكخراو و بنكه‌كەكان، ئەوپەڕی چالاكییان نواند بۆ سەرخستنی لیستی پارتیمان. كار و خەباتی هەموويان و ئەرككێشانی هەموو دەنگدەرانی پارتی، جێگەی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینه‌. لە هەمان كاتدا ڕۆڵی ڕاگەیاندنی پارتیمان و چالاكيی گەنجانی پارتی لە هەموو بوارەكان و شێوازەكانی تازەی كاركردن لەپێناو سەرخستنی لیستی پارتیدا، بەرز دەنرخێنین. هەموو كاندیدەكانی لیستی 184ی پارتی و كاركردن و هەوڵ و ماندووبوونيان، جێگەی ڕێزی بەردەوامى سەركردایەتيی پارتین.

سوپاسى ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م كه به‌شدارييه‌كى گه‌وره‌يان له‌سه‌ر ئاستى عێراق تۆمار كرد و مافى ديموكراسيانه‌ى خۆيان به‌كار هێنا، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو داموده‌زگا حكوومييه په‌يوه‌نداره‌‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى ده‌زگا ئه‌منييه‌كان ده‌كه‌م كه له به‌ڕێوه‌چوونى ئارام و سه‌ركه‌وتووانه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا، ڕۆڵێكى گه‌وره‌يان گێڕا.

لەو باوەڕەداین كە هەموو بەرپرس و ئۆرگانەكان و ئەندامانی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هێزوەرگرتن لەو سەركەوتنە تازەیە، كارێكی زۆرتر دەكەن بۆ سەركەوتنی گەورەتری پارتی. خەباتی پارتی و درێژەپێدانی ڕێبازی بارزانيی نەمر و پابەندبوونی بەردەوامی بە ئامانجە پیرۆزەكانی گەلی كوردستانه‌وه‌، هەمیشە وزەیەكی نوێی خەباتكردن دەداتە ئەندامان و جەماوەری پارتی.

نوێنەرە سەركەوتووەكانی پارتی وەك هەمیشە پابەند دەبن بە خەونەكانی شەهیدان و ئامانجەكانمان و بەرگریكاری دڵسۆز دەبن لە بەرژەوەندییەكانی هەموو گەلی كوردستان و بەرگری لە مافەكانی هەموو خەڵكی عێراق دەكەن لە پەرلەمانی عێراقدا.

كوردستانیانی خۆشەویست،

هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی میللی، دوای بەخشینی شەهیدێكی زۆر و كارەساتی زۆری شەڕ و دوای ماوەیەكی كەم لە شكستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی هەوڵ و هێرشەكانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و ئیداريی هەرێمی كوردستان، توانی بە ئارامییەكی زۆره‌وه‌، سەركەوتووانە پرۆسەی گەورەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش نیشانەی هۆشیاری و بەرزيی هەستی نیشتمانيی خەڵكی كوردستانە.

ئێمە لە ڕوانگەی بەرژەوەنديی گەلی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین هەموو ناكۆكییە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و لەپێناو دابینكردنی بەرژەوەندی و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، ئامادە بن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی دانانی كارنامەیەكی هاوبەش لەپێناو بەشدارییەكی بەهێزی كوردستان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا. پارتی بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە ئامادەیە بۆ هەموو گفتوگۆ و كارێكی هاوبەش.

گەلی خۆشەویستی عێراق،

پیرۆزبایيی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقتان لێدەكەم، هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروستبوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەك بۆ دروستكردنەوەیەكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.

ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شه‌راكه‌ت و پاراستنی بەرژەوەنديی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
19/5/2018

Back to top button