راوێژكارێكی جه‌لال تاله‌بانی دەنگەکانی یەکێتی پاداشتی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بوو

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌لبژاردنه‌كان ئاشكرا كران, له‌ سه‌ر ئاستی كوردستان كاردانه‌وه‌ی گه‌روه‌ی به‌ دوای خۆیدا هێنا, ڕاوێژکارێکی پێشووی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بەدەستهێنانی ڕیزبەندیی دووەمین لایەنی براوەی کوردستان لەلایەن یەکێتییەوە لە سایەی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوەیە.
وەفیق سامەڕایی کە بە دژایەتیکردن ئاشکرای بۆ ویستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان ناسراوە و لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەردەوام ستایشی ئەو گرووپە خیانەتکارەی نێو یەکێتی هێناوە و ناوی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی هێناوە. ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ئایاری ٢٠١٨، لە وتارێکیدا کە بەناوی (المکتسحون انتخابیا) لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە لەم هەڵبژاردنەدا چەند لایەنێک بە زەقی سەرکەوتوون. یەکێکیان میلیشیای عەسایب ئەهلی حەقە کە لە ڕێگەی کوتلەی سادقون ١٥ کورسی هێناوە.
لایەنە براوەکانی دیکە بە بڕوای سامەڕایی، هەریەک لە سائرون، فەتح و مالیکین کە هەریەکەیان بە جۆرێک براوە بوون.
هاوکات بە بڕوای وەفیق سامەڕایی لایەنێکی دیکەی براوە لە هەڵبژاردنەکاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە پێگەی دووەمینی لەسەر ئاستی کوردستان بەدەست هێناوە. دەشڵێت: “ئەمە لە سایەی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری ئازا و بە دیاریکراویش لاهوور جەنگی و هاوڕێکانیەتی”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، وەفیق سامەڕایی بە شێوەیەکی بەردەوام ستایشی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی کردووە و ناوی لاهوور جەنگی وەک پاڵەوانێکی خیانەتەکە (کە ئەو بە کارێکی ئازایانە و نیشتمانییانە وەسفی کردووە)، هێناوە.
پێشتر بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە لەوانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناڕازین، ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەو ساختەکارییەی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوویەتی، لەپای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بووە.

Back to top button