مه‌كته‌بی سیاسی پارتی : ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان بۆ پێكهێنانی مینبه‌رێكی هاوبه‌ش

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 20ی 5ی2018 مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك بارزانى كۆبوويه‌وه‌ و بڕياريدا بۆ گه‌يشتن به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ى گوتارى كورد له‌ هه‌مبه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له‌ به‌غدا، ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكات.
 
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت :” ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی كوردستان، كه‌ هیوادارین بتوانین مینبه‌رێكی هاوبه‌ش پێك بهێنین”.
 
هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ “ئێمه‌ باوه‌رمان وا بوو هه‌وڵیشمان بۆدا كه‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بین بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا، به‌ڵام ئێستاش ئه‌و متمانه‌و ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌ركی گرانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌ چوار ساڵی داهاتوودا”.
 
له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دا ده‌شڵێت:”باوه‌رمان وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوانی پارتی بوون، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌و حزبه‌ ده‌توانێ به‌ باشترین شێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان بكات و به‌ باشترین شێوه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و پێكهینانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراقدا بكات له‌سه‌ر پرنسیپی شه‌راكه‌ت و ته‌وافق و ته‌وازن، مێژووش به‌ڵگه‌و شاهێدی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكاندا له‌ پێشخستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌رده‌وام بووه‌”.
 
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌لێت :” له‌گه‌ل حزب و لایه‌نه‌كانی عێراقیش ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو گرفته‌كان، به‌ پێكه‌وه‌ كاركردن و به‌ هاوبه‌شی،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆبوونه‌وه‌ بریاری دا شاندێكی باڵا ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و پرنسیپانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان لێوه‌ كردون”.
 
سه‌باره‌ت به‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و ساخته‌كاری و فه‌وتانی ده‌نگی هاوڵاتیان .مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ڕایگه‌یاندووه‌ “بۆ ره‌وینه‌وه‌ی زۆری گومانه‌كان و لادانی هه‌ندێك له‌ كۆمسیاران له‌ كاری پیشه‌یی خۆیان، به‌پێویستی ده‌زانین كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێڕاق پێداچوونه‌یه‌كی جدی ئه‌نجام بدات و رێگا له‌ فه‌وتانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ده‌نگه‌كان بگرێت و پابه‌ندی سوێند خواردنه‌كه‌یان بن، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ریشكه‌وت كه‌ كۆمسیۆن له‌ ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و نه‌ی توانیوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌زویره‌ زۆره‌بكات كه‌ رویداوه‌”.
 
له‌ كۆتایی دا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پیرۆز بایی له‌ گه‌لی كوردستان و عێراق و ته‌واوی كاندیده‌كانی ده‌رچوو و ده‌رنه‌چووه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنره‌انی عێراق ده‌كات .
Back to top button