جموجۆڵی سه‌در بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تی و پشتیوانی ژێر به‌ژێری ئه‌مریكا

پاش ئه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12ی5ی2018 راگه‌یاند،یه‌كه‌مین دیداری(سه‌درو عه‌بادی ) ئه‌نجام درا ،له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادیدا به‌پێویست زانراوه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ خێرایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌ست به‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان بكه‌ن.
 
نوسینگه‌ی عه‌بادی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت:” عه‌بادی داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قه‌بووڵ بكه‌ن و بۆ خستنه‌ڕووی سكاڵاكانیان رێگای یاسایی بگرنه‌به‌ر. داوایشی له‌ كۆمیسیۆن كردووه‌ چاو به‌ سكاڵاكاندا بخشێنێته‌وه”.
 
ڕۆژی شه‌ممه‌ 19ی5ی2018 ئه‌میر كینانی سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در گوتی: “ئامۆژگاریی شكستخواردووه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین،‌ ده‌ست له‌ گومانكردن هه‌ڵگرن و ته‌نها دادگاكانی عێراق گومان و تۆمه‌ته‌كانیان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12ی5ی2018 شكستیان هێناوه‌.
 
دوێنێ شه‌وی ڕابردوو كۆبونه‌وه‌یه‌كی تر له‌ نێوان (سه‌درو عه‌بادی ) ئه‌نجام دراوه‌ چه‌ند مه‌رجێكی بۆ عه‌بادی پێشنیار كردووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌و پێشنیارانه‌ ده‌ستبه‌رداربوونی عه‌بادییه‌ له‌ حزبی ده‌عوه‌و بێلایه‌نی شانسی ئه‌وه‌ی پێده‌دات كه‌ بكرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆككوه‌زیرانی عێراق، دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌نێوان عه‌بادی و سه‌در، عه‌بادی گوتی: “كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ كاركردنی هاوبه‌ش بوو له‌پێناو خێراكردنی پێكهێنانی حكوومه‌ت”، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌در دووپاتیكرده‌وه‌، “پێویسته‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق حكوومه‌تێكی باوكایه‌تی بێت و ته‌واوی پێكهاته‌كانی گه‌ل وه‌ك یه‌ك له‌به‌رچاو بگرێت”.
 
حوسێن عادلی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر ره‌تیكرده‌وه‌، عه‌بادی به‌و مه‌رجه‌ رازی بێت كه‌ ده‌ست له‌ ئه‌ندامێتی خۆی له‌ حزبی ده‌عوه‌ هه‌ڵگرێت، بۆئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌.
 
هه‌روه‌ها عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راویژكاری رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ یه‌كه‌م كۆمێنتی له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عێراق، پیرۆزبایی له‌ هاوپه‌یمانی “سائیرون” كرد، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه‌.
 
له‌ لێدوانێكی میدیاییدا كه‌ ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانی عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی ڕایگه‌یاند: “حكوومه‌ت و گه‌لی عێراق رێگه‌ به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی ناده‌ن ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌یان وه‌ربده‌ن”، دووپاتیشیكرده‌وه‌: “ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق له‌ كه‌شێكی باش به‌ڕێوه‌چوو”.
 
هاوكات عه‌بدولهادی سه‌عداوی، سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند: “تائێستا ناوی هیچ كاندیدێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بۆ حكوومه‌تی نوێ پیشكه‌ش نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی كراوه‌ ته‌نیا لێكتێگه‌یشتنێكی گشتییه‌ وزۆربه‌ی كوتله‌كان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ عه‌بادی بۆ دووه‌م ویلایه‌ت له‌و پۆسته‌ بمێنێته‌وه‌”.
 
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌نده‌نی له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ نوسیوویه‌تی: “سائیروون 54 كورسی به‌ده‌ستھێناوه‌، به‌ڵام به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت كورسییه‌كانی بگه‌نه‌ 60 كورسی پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نێك خواستی ئه‌وه‌یان ده‌ربڕیوه‌ په‌یوه‌ستی هاوپه‌یمانی سائیروون ببن و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌وه‌ رووده‌دات و هاوكێشه‌ی سیاسی زیاتر ده‌گۆڕێت”.
 
هاوكات به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی ئه‌سوشییتد پرێس كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، پیته‌ر فیڤه‌ر كه‌ له‌ داڕشتنی سیاسه‌تی ئیداره‌ی سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر عێراق له‌ ساڵانی 2005 تا 2007 هاوكاریكردووه‌ ده‌ڵێت: “له‌ ساڵی 2007 وه‌ واشنتن په‌یوه‌ندی نھێنی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در هه‌یه‌”.
 
ئه‌سوشییتد پرێس له‌ زاری پیته‌ر فیڤه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت: “ئه‌مریكا له‌ مێژه‌ ده‌زانێت سه‌در خاوه‌ن بنكه‌یه‌كی سیاسی شه‌رعییه‌‌، جا یان ده‌بێته‌ باشترین یان خراپترینیان ،ئه‌گه‌ر سه‌در بۆیه‌كه‌ی سه‌ر رووخساری بگۆڕێت پێده‌چێت ئایینده‌ی سیاسی هه‌بێت، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2007 وه‌ تا ئێستا له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌در به‌رده‌وامه‌”.
Back to top button