مه‌كگۆرك و قاسم سوله‌یمانی دووجه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌ك دێنه‌ سلێمانی

سلێمانی لەم هەفتەیەدا دەبێتە ترافیكێكی گەرم، دوو جەمسەری گەورەی دژ بەیەك كە هەریەكە لە برێت مەكگۆرك و قاسم سولەیمانی، نوێنەرایەتیان دەكەن هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین سێبەری خۆیان بەسەر حكومەتی داهاتووی عێراقەوە بێت، بەرپرسی یەكێك لە پارتە سیاسییەكانی سلێمانی دەڵێ “قاسم سولەیمانی دووجاری دیكە هاتووەتە سلێمانی و بەدوای مەككۆرگدا ئەویش دیسان دێتەوە، بەڵام كێشەی ئەو حیزبانە لەگەڵ كۆمسیۆنە نەك مەككۆرگ و قاسم سلێمانی”.
 
وابڕیاره‌ برێت مەكگۆڕك، ئەمڕۆ یان سبه‌ینێ لە بەغداوە بگاته‌ سلێمانی و لەگەڵ یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵی رازیكردنی حیزبە ناڕازییەكان بدات كە لە نێو پرۆسەی سیاسی عێراقدا بمێننەوە.
 
سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی برێت مەككۆرگ، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سلێمانی، هەوڵێكی چڕوپڕی ئەمریكایە بۆ رێگەگرتن لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق.
 
عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: “بزووتنەوەی گۆڕان ئەزموونی زۆری هەیە بۆ ئەوەی پیشانی بدات كە هیچ كاتێك ئێرانییەكان و ئەمریكییەكان كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی نابێت و ئەوەی بڕیاری كۆتایی دەدات لەبارەی ئەوەی گۆڕان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكات یان نا، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەیە”.
 
جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، حزبی شیوعی و سۆسالیستیش ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ١٢ـی ئایار رەتدەكەنەوە و پێیانوایە تەزویرێكی زۆر له‌ سلێمانی كراوە.
 
ئارامی حەمەی مینا، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی، گووتی:” تەنیا برێت مەككۆرگ نییە كە دێتە سلێمانی، بەڵكو كەس و بەرپرسی دیكەش دێن و گفتوگۆ دەكەن “جارێ دەبێ بزانین چی لە هەگبەی مەكگۆركدا هەیە بۆ ئەو شەش لایەنە، ئەگەر داوا بكات لە بەرامبەر كورسییەك و دوو كورسی لایەنەكان رازی بكات بەشداریی پرۆسەی سیاسی بكەن، نابێ ئەو هێزانە بەوە رازی ببن دەنگی دزراوی دەنگدەرانیان فەرامۆش بكەن”.
 
لەماوەی هەفتەی رابردوودا، ئەو شەش لایەنە زیاتر لە ١٠ كۆبوونەوەیان لە سلێمانی و هەولێر كردووە. بەپێی زانیارییەكان بڕیاریانداوە كۆبوونەوەكانیان بوەستێنن و چاوەڕێی وەڵامی تانەكانیان بكەن. ئەگەر ئەنجامەكان بە دڵی ئەوان نەشكایەوە، هەر حیزبە و لەسەر ئاستی سەركردایەتی خۆیی كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە بكات و دواتر بە راگەیێندراوێكی هاوبەش هەڵوێستی كۆتایی رابگەیێنن.
 
لای خۆیه‌وه‌ شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، ڕایگه‌یاند:” ئەوان ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان رەتكردووەتەوە و لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە هاوهەڵوێستن لەرووی یاسایی و سیاسی بۆ گێڕانەوەی دەنگی دەنگدەرانیان .
Back to top button