دیندار زێباری: کۆی دەستگیرکراوانی داعش ٢١٢٤ بەندکراو بووە

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حکوومەتی هەرێم، دیندار زێباری دەڵێ، کۆی گشتیی دەستگیرکراوانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا (٢١٢٤) بەندکراو بووە.
 
د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “دەستگیركراوانی داعش و شێواز و چۆنیەتیی دادگاییکردنیان لە هەرێمی کوردستان لە زۆربەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا باسیان لێوە دەكرێت، بەتایبەتی لە ڕووی مافەکانیانەوە، وەک هەر دەستگیرکراوێک و ئەو ماددە یاساییانەی کە پێیان دادگایی دەکرێن. لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بە پێی پرەنسیپی تاوانبار، بێتاوانن تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە.”
 
هه‌روه‌ها دیندار زێباری گوتی: “لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە، پەیڕەو دەکرا، ئه‌و یاسایه‌ تا ١٦/٧/٢٠١٦ كاری پێ کرا، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە کاری تیرۆریستییەوە گلاون، کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو دەکرێت.”
 
سه‌باره‌ت به‌ ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردنیان ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: “لەو کاتەی کە داعش دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتبوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەبەر ئەوەی لەو حاڵەتەدا کە هێزەکانی پێشمەرگە سەرقاڵی بەرگریکردن بوون، جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان درووست دەکرد، بۆیە چەند ڕێووشوێنێکی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و ڕێگانەدان بە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان.”
 
زێباری تیشکی خستە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لەم بارەوە گوتی: “لە دادگاى لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە ڕێکەوتی ١/٦/٢٠١٧ تاکو ٢٠/٣/٢٠١٨ دەستگیرکراونی داعش بەم شێوەیە بوون:
کۆی گشتیی دەستگیرکراوانی داعش لەو ماوەیەدا (٢١٢٤) بەندکراو بووە، هەر لەو ماوەیەدا (٦٦٦) کەسی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کراون، هەروەها (٥٨٩) بەندکراو لە لایەن دادگاوە سزا دراون و (٢٧٣) کەس بە فەرمانی دادگا ئازاد کراون و (٥٩٦) کەسیش تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
 
Back to top button