سه‌درو عه‌بادی و عه‌لاوی و خه‌میس خه‌نجه‌ر داوا له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت

 

دوای ئه‌وه‌یی كۆمسیۆن ئه‌نجامی هه‌لبژاردنه‌كانی عێراق په‌سه‌ند كرد, هه‌وله‌كان له‌ لایه‌ن لیست و قه‌وار سیاسیه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق چڕكراونه‌ته‌وه‌.بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕۆژنامەی (ئەلحەیات)ی لەندەنی لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كردووە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی چوارقۆڵی بەڕێوەیە، كە ڕێژەی كورسییەكانی لە پەرلەمان دەگاتە 150، بۆ ئەمەش هەریەك لە سەدر و عەللاوی و عەبادی و خەمیس خەنجەر هەوڵی رازیكردنی بارزانی دەدەن، بۆ تەواوكردنی هاوپەیمانییەكە.

ئەلحەیات لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگەداری بەغدای گواستووەتەوە، كە چاوەڕوان دەكرێ دیدارێك لە نێوان سەرۆك بارزانی و حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسر ئەنجام بدرێت، ڕەنگە هەریەك لە موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائیرون و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەمانی (قەرار)ی سونەكان و ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی (ئەلوەتەنیە) بەشداری تێدا بكەن.

بەپێی سەرچاوەكە، ئەگەر بارزانی رەزامەندی لەسەر هاوپەیمانییەكە دەربڕێت، ئەم كۆبوونەوەیە ئەگەری هەیە لە هەولێر یان نەجەف ببەسترێت.

لای خۆیەوە سەڵاح عوبەیدی گوتەبێژ بەناوی لیستی سائیرون ئاماژەی داوە كە بۆ ئەوان سەروەری عێراق لە پێشەوەی هەموو شتێكدایە، ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێك دەستێوەردان لە كاروباری عێراقدا بكات.

ئەم ئاراستەیەی لیستی سائیرون دەستی داوەتێ، تەواو دژی هەژموونی ئێرانە لەناو خاكی عێراق، بۆ ئەمەش وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكاش پشتیوانی لێ دەكەن، بۆیە لە ئەگەری دروستبوونی ئەو هاوپەیمانییەی ئێستە هەوڵی بۆ دەدرێت، بەشێكی گەورە لە بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق دەكەونە مەترسیەوە.

تا ئێستە سەدر لەگەڵ عەبادی كۆبوونەوەی شكاندنی بەستەڵەكی دروستكردنی هاوپەیمانییەكەی ئەنجام داوە.

رۆژنامە عەرەبیەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە یەكەم كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراو لە نێوان سەرۆك بارزانی و خەمیس خەنجەر دەبێت، دواتر باس لە ئەگەری هێنانی عەللاوییش بۆ ناو هاوپەیمانییەكە دەكرێت.

سەرچاوەكەی ئەلحەیات ئاماژەی بەوەش داوە كە هێشتا هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە هەمبەر ڕێكەوتن لەگەڵ عەبادی ڕوون نیە و وەڵامیان دەست نەكەوتووە. هەروەها دەنگۆش هەیە كە كورد كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ مالیكی هەیە، بۆ چوونە نێو ئەو هاوپەیمانییەی دەوڵەتی یاسا كاری بۆ دەكات، ئەمەش وەها لێكدەدرێتەوە كە كورد بەم كارەی سزای عەبادی دەدات لەبەر هەڵوێستەكانی ئەم دواییەی بەرانبەر كوردستان.

Back to top button