مەكگۆرك لە گەڵ لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە, ناچاریان ده‌كات به‌شداری پێكهێنانی حكومه‌ت بن

 

دوای ئه‌وه‌ی كۆده‌نگیه‌كی شه‌ش لایه‌نی دژ به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان پێكهات, بڕیارە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە گەڵ لایەنە ناڕازیەكانی هەرێم بەرامبەر بەئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە، بەرپرسانی چوار لەو لایەنانەش كە خاوەنی كورسین، جەخت لەوەدەكەنەوە كە بڕیاری كۆتایی لە بارەی بایكۆت یان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عیراق لای سەركردایەتی حزبەكانیانە و پێشیان باشە لە كۆتاییدا هەر بڕیارێك دەدەن، هاوبەش بێت.

 

شەش لایەنی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتوو، بزوتنەوەی ئیسلامی و شیوعی، وێڕای رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باسیان لەوەكردووە، لەئەگەری دووبارەنەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن یەك لە بژاردەكانی بەردەمیان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەبێت و بڕیارە بەم نزیكانە سەركردایەتی ئەو شەش لایەنە كۆتا بڕیاری خۆیان لەو بارەوە بخەنەڕوو.

بڕیاریشە رۆژی سێ شەممە برێت مەكگۆرگ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژی داعش لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیانەی هەرێم كۆببێتەوە كە ناڕازین بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

لەو بارەوە رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاندووه‌:” چوار لایەنی ناڕازی بانگهێشتی كۆبوونەوەكە كراون، وتی: “پێدەچێت تەوەرێكی كۆبوونەوەكە هۆشداری ئەو لایەنە ناڕازیانە بێت لە بارەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و تەوەرێكی تریش پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بێت لە بەغدا”.

هه‌روه‌ها رێبوار كەریم مەحمود، وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری سەبارەت بەوەی ئەگەر مەكگۆرگ داوایان لێبكات پاشگەزببنەوە لە پەنابردن بۆ بژاردەی بایكۆتی سیاسی، وتی: “لایەنە ناڕازیەكان هەر بڕیارێك بدەن پێكەوە دەیدەن، چونكە ئەم وڵاتە چیتر بەرگەی هەڵوێستی جیاجیا ناگرێت، بۆیە لایەنە ناڕازیەكان بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردن، كە خۆیان بە داكۆكیكار لە دەنگ و بژێوی هاووڵاتیان دەزانن، هەر هەڵوێستێك وەربگرن پێكەوە وەریدەگرن و لە گفتوگۆكانیشیان لەگەڵ هەر لایەنێكی دەرەكی و ناوخۆیی داكۆكی لەو پرسانە دەكەن”.

 

هاوكات شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە كۆبوونەوەی برێت مەكگۆرگ، لە گەڵ حزبە ناڕازیەكانی هەرێم بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردن باسی لەوەكرد، كە بەپێی زانیاریەكانیان ئامانجی ئەو كۆبوونەوەیە ئەوەیە كە لایەنی ئەمریكی حزبە ناڕازیەكان قایل بكات كە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عیراق بكەن، بەڵام دوابڕیار لە لایەن سەركردایەتی حزبەكانە و لە ناو گۆڕانیش لای جڤاتی نیشتمانیە و تا ئێستا خواستی زاڵ لە ناو بزوتنەوەكەیان بایكۆتی پرۆسەی سیاسیە.

وتیشی: “ئەمریكا كۆمەڵێك بەرژەوەندی خۆی لە ناوچەكە و لە عیراق هەیە و لەگەڵ ئەوەیە كە هەموو لایەنەكان بەشداربن لە حكومەت، بەڵام ئەوەی خەمی ئێمەیە خەمی ئەمریكا نییە، خەمی ئێمە بریتیە لەوەی دەنگی هاوولاتیان نەدزرێت. جەختیشی كردەوە، ئەمریكا بەرژەوەندی خۆی هەیە و ئێمەش بەرژەوەندی خۆمان و خەڵكی خۆمان باش دەزانین.

لای خۆشیەوە عوسمان كاروانی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دەربارەی ئەوەی ئەگەر لە كۆبوونەوەكەدا مەكگۆرگ داوایان لێبكات بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عیراق بكەن چ هەڵوێستێكیان دەبێت، وتی: “بڕیاری ئێمە لای سەركردایەتی حزبەكەمانە و ئەوانن بڕیار دەدەن كە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عیراق بكەن یان نا، راستە ئەمریكیەكان تاوتوێ ئەو بابەتە لەگەڵ ئێمە دەكەن و رەنگە هەندێك بیرۆكەش بخەنەڕوو، ئێمەش هەندێك بیرۆكە بخەینە بەردەمیان، بەڵام دواجار كۆتا بڕیار سەركردەی ئەو حزبانە دەیدەن”.

ئەو سەركردەیەی یەكگرتووی ئیسلامی پێشیوایە كە واباشترە شەش لایەنەكە، بە تایبەتی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی و یەكگرتوو كە خاوەنی كورسی پێكەوە، بڕیاری هاوبەش و هاوشێوە بدەن لە بارەی بایكۆت یان بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عیراق.

رۆژی 12 ی ئایار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، هەر دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان بە ئاماژەدان بەوەی جیاوازیەكی زۆر لە نێوان دەنگی راستەقینەی خۆیان و ئەو ژمارانە هەیە كە لە پسوڵەی سندوقی ئەلكترۆنی دەنگدانەوە وەرگیراون، باسیان لە بوونی ساختەكاری و دەستكاری كردنی دەنگەكان كرد.

دواتر شەش لەو لایەنانە پێكەوە چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و تا ئێستاش سوورن لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامی دەنگدانەوە و داوا دەكەن پرۆسەكە دووبارە بكرێتەوە، بە پێچەوانەوە بژاردەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بەهێزترین بژاردەیە لە بەردەمیاندا.
هەرچی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیشە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان و ناوی كاندیدە سەركەوتوەكانی راگەیاندووە و دەرگاش بۆ تۆماركردنی تانە و سكاڵا لەسەر پرۆسەكە كراوەتەوە.

Back to top button