ڕه‌مه‌زان له‌نێوان خواپه‌رستی و سیاسه‌تدا

هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق كه‌ زیاتر له‌ 95% دانیشتوانه‌كه‌ی‌ موسڵمانن، له‌نێو سێ‌ پارێزگاكه‌یدا، 4563 مزگه‌وت هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌سێ‌ پارتی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی‌ جه‌ماوه‌ر‌و مێژوی‌ تایبه‌تی‌ خۆیه‌تی‌.
ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیانه‌ له‌جه‌وهه‌ری‌ پێناسه‌كردنی‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا كۆكن كه‌ مانگێكی‌ “پیرۆزی‌ ئاینی‌ ئیسلامه‌‌و تێیدا قورئان دابه‌زیوه‌‌”و موسڵمانان له‌ڕێی‌ تاعه‌ت‌و په‌رستشه‌وه‌ (عیباده‌) هه‌وڵی‌ له‌خودا نزیكبونه‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌هه‌ندێ‌ خاڵی‌ تره‌وه‌ به‌ریه‌كده‌كه‌ون‌و خاوه‌نی‌ پێناس‌و رونكردنه‌وه‌ی‌ جیاوازن.
گرنگترین خاڵ كه‌ بوه‌ته‌ جێی‌ مشتومڕ‌و لێدوانی‌ جیاواز له‌نێو سێ‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كه‌ی‌ كوردستان كه‌ بریتین له‌یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌مانگی‌ ره‌مه‌زاندا سود له‌ئاین ببیندرێت بۆ كاروباری‌ سیاسه‌ت‌و رێكخستن‌و جه‌ماوه‌ر كۆكردنه‌وه‌، یاخود مانگێكه‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌خودا په‌رستی‌‌و عیباده‌ت.
له‌و دیاردانه‌ی‌ له‌م مانگه‌دا به‌ڕونی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رچاوده‌كه‌ون، بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ده‌یان‌و سه‌دان لافیته‌‌و دروشمی‌ تایبه‌ته‌ به‌ره‌مه‌زان كه‌ له‌كۆتاییه‌كه‌یدا ناوی‌ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ له‌سه‌ر نوسراوه‌، به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و دروشم‌و لافیتانه‌ش له‌لایه‌ن حزبه‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵواسراون.
به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، له‌باره‌ی‌ ئه‌دا‌و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌مانگی‌ ره‌مه‌زاندا، به‌ئاگا له‌ڕه‌وش‌و ئاین‌و كاری‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان، مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات هه‌مو لایه‌نه‌كان، به‌عه‌لمانیه‌كانیشه‌وه‌، هه‌وڵی‌ سود وه‌رگرتن له‌مانگی‌ ره‌مه‌زان ده‌ده‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیان كه‌ له‌حزبێكه‌وه‌ بۆ حزبێكی‌ تر ده‌گۆڕدرێت.
له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ سود وه‌رگرتنیش له‌مانگی‌ ره‌مه‌زان، نه‌قشبه‌ندی‌ پێی‌ وایه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌ردوو مه‌به‌ستی‌ قیامه‌تی‌‌و دنیاییش له‌خۆبگرێت “ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌وان به‌ڕواڵه‌ت وانیشانده‌ده‌ن له‌گرنگیدانیان به‌ڕه‌مه‌زان ته‌نها خوایان مه‌به‌سته‌، به‌ڵام كاتێك تۆ دروشم‌و لافیته‌یه‌ك ده‌بینی‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌‌و ناوی‌ پارته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ مه‌به‌ستی‌ دینیاییشی‌ ده‌چێته‌ پاڵ”.
بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، یه‌كه‌م پارتی‌ راگه‌یندراوی‌ ئیسلامیه‌ له‌كوردستاندا‌و له‌ساڵی‌ 1978دا وه‌ك حزبێكی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ “جیهاد”ی‌ له‌لایه‌ن چه‌ند زانایه‌كی‌ ئاینیه‌وه‌ له‌شاخ دامه‌زراوه‌‌و له‌ئێستادا خاوه‌نی‌ دوو كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌. سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌م حزبه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێیان وایه‌ ره‌مه‌زان “عیبره‌تی‌ جیهادیی‌ تێدایه‌”، له‌هه‌مانكاتیشدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ باشترین كات بۆ سیاسه‌ت كردن “ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌یه‌”.
عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود ئه‌ندامی‌ سه‌ركرایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رایگه‌یاند: “ره‌مه‌زان وانه‌ی‌ جیهادیی‌ گرنگی‌ تێدایه‌ بۆ ئێمه‌ی‌ موسڵمان”، ناوبراو ئه‌وه‌ی‌ وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ 17ی‌ مانگی‌ ره‌مه‌زان، ساڵیادی‌ جه‌نگی‌ به‌دره‌ كه‌ یه‌كه‌مین جه‌نگی‌ نێوان “پێخه‌مبه‌ری‌ ئیسلام‌و كافره‌كانی‌ قوره‌یشه‌”‌و تێدا مسوڵمانه‌كان سه‌ركه‌وتن‌و “كافره‌كان لوتیان شكا”.
له‌به‌رامبه‌ر بۆچونه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان ته‌واو بۆچونی‌ جیاوازه‌، سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كگرتوو كه‌ له‌شوباتی‌ 1994دا وه‌ك پارتێكی‌ میانڕه‌وی‌ ئیسلامی‌ كوردستان خۆیان راگه‌یاندوه‌‌و خاوه‌نی‌ شه‌ش كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و دووكورسی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقن، پێیان وایه‌ ره‌مه‌زان “دروشمێكی‌ ئاینیه‌و تایبه‌ت نیه‌ به‌سیاسه‌ت‌و ناكرێ‌ كاری‌ سیاسی‌ تێدا ئه‌نجامبدرێت”.
دكتۆر محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی ڕایگه‌یاند:” راگه‌یاند “ئێمه‌ له‌ره‌مه‌زاندا سیاسه‌ت ناكه‌ین، ته‌نها ئه‌ونده‌ نه‌بێت كه‌ له‌ڕێی‌ كه‌ناڵه‌ راگه‌یاندنه‌كانمانه‌وه‌ هانده‌ری‌ ئیجابی‌ ده‌بین بۆ خه‌ڵك تا له‌ماناو فه‌لسه‌فه‌ی‌ ره‌مه‌زانی‌ پیرۆز تێبگه‌ن”.
له‌مباره‌یه‌وه‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ، زیاتر له‌نێوه‌ندی‌ ئه‌و دوو بۆچونه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ گیرساوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ پشتگیری‌ له‌كاری‌ سیاسی‌‌و په‌روه‌دره‌كردنی‌ كاردره‌كان‌و رێكخستنه‌كانی‌ ده‌كات له‌مانگی‌ ره‌مه‌زاندا‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كاروباره‌ سیاسیه‌كانی‌ ناوخۆی‌ حزبی‌ راگرتوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌ده‌ن.
عه‌بدولسه‌تار مه‌جید ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ راگه‌یاند “ئه‌وه‌ی‌ كاری‌ سیاسی‌ ده‌كات پێویستی‌ زیاتری‌ به‌ته‌قوا هه‌یه‌، ئه‌م مانگه‌ مانگی‌ ئه‌وه‌یه‌ چاو به‌كاری‌ خۆتدا بخشێنیته‌وه‌‌و ته‌قوات زیاتر كه‌یت”.
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كه‌ دوای‌ جیابوونه‌‌و ئینشیقاقی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ یه‌كبوونی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، له‌ئایاری‌ 2001 دامه‌زراوه‌‌و خاوه‌نی‌ چوار كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و دوو كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌، پێده‌چێت له‌م مانگه‌دا لایه‌نی‌ ئیداری‌‌و سیاسی‌ حزبی‌ وه‌لاوه‌ نابێت‌و زیاتر گرنگی‌ به‌لایه‌نی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ كادره‌كانی‌ ده‌دات، به‌پێی‌ لێدوانی‌ سه‌ركرده‌كانی‌.
Back to top button