ئه‌و پیاوه‌ی گۆڕانكاری له‌ بیرۆكه‌ی سایكس بیكۆی دایه‌ به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا كۆچی دوایی كرد

 

بێرنارد لویس نوسه‌ری به‌ریتانی كه‌ به‌یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین زانا بیانییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی رێككه‌وتنی (سایكس – بیكۆ)یه‌، له‌ته‌مه‌نی 101 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

بێرنارد لویس، كه‌ كه‌سێكی جوله‌كه‌یه‌ و بیرۆكه‌كانی و بۆچوونه‌كانی رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و رووبه‌ڕووی چه‌ندین ره‌خنه‌ی كردووه‌ته‌وه‌، تاكۆتایی ژیانی 30 كتێب و سه‌دان وتاری نوسیوه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ده‌رباره‌ی ئایینی ئیسلام و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمه‌ڵگاكانی ئیسلام و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا و دابه‌شبوونی تاییفی و ئیسلامی رادیكاڵی بوون، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی به‌رهه‌مكانی وه‌رگێڕدراون بۆ 20 زمانی جیهانی له‌ناویاندا عه‌ره‌بی و فارسی و توركی.

بێرنارد لویس، كه‌ به‌ دامه‌زرێنه‌ری بیرۆكه‌ی (سایكس – بیكۆ) داده‌نرێت، بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و ره‌گه‌ز دانا كه‌ دواتر رێكه‌وتنی سایكس بیكۆی له‌سه‌ر بنیاد نرا كه‌ له‌ساڵی 1916 عێراق و شام دابه‌شكران.

بێرنارد سه‌ره‌تا پرۆژه‌كه‌ی راده‌ستی (زبجینو بریجینسكی) راوێژكاری ئاسایشی حكومه‌ته‌كه‌ی جیمی كارته‌ری سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا كردو كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ساڵی 1983 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنیدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشانداو پرۆژه‌ خرایه‌ به‌رنامه‌ی كاری ستراتیژی داهاتووی ئه‌مریكاوه‌.

ئه‌و نوسه‌ره‌ چه‌ندین ره‌خنه‌ی توندی له‌سه‌ر بیروبۆچوونه‌كانی ده‌رباری داگیركردنی عێراق لێگیراو یه‌كێك له‌قسه‌كانی كه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆری كرده‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ وتی (توندوتیژ به‌ یان ده‌رچۆ) واته‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكا پێویسته‌ كه‌ توندتیژی به‌كاربهێنێت یان ئه‌وه‌تا عێراق جێبهێڵێت، به‌ڵام چه‌ندین جار پشتگیركردنی خۆی بۆ داگیركردنی عێراق ره‌تكردبووه‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ ئه‌و پێی باش بووه‌ هاوكاری گه‌وره‌و به‌هێز پێشكه‌شی كورده‌كانی باكوری عێراق بكرێت كه‌ هاوپه‌یمانی خۆرئاوان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ هێزێكی به‌رامبه‌ر له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌دام حسێندا.

بێرنارد لویس، له‌ساڵی 1936 كۆلێژی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵات و ئه‌فریقای له‌ زانكۆی له‌نده‌ن ته‌واو كردو دوای 3 ساڵیش بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌ستهێنا كه‌ پسپۆریه‌كه‌ی له‌ مێژووی كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاس و مێژووی ئیسلامدا بوو، هه‌روه‌ها چه‌ندین بیروبۆچوونی تری هه‌بوو كه‌ ره‌خنه‌ی زۆری لێ گیراو ته‌نانه‌ت له‌سه‌ری دادگایی كرا له‌وانه‌ش جینۆسایدكردنی زیاتر له‌ ملیۆن و نیوێك ئه‌رمه‌نی له‌سه‌ر ده‌ستی عوسمانیه‌كان و پێی وابوو كه‌ جینۆساید نییه‌و ته‌نها رووداوێكی ناخۆش بووه‌و و ئه‌رمه‌نی و توركیشی تیادا بوونه‌ته‌ قوربانی.

Back to top button