سلێمانی … گۆڕان و هاوپه‌یمانی به‌به‌رنامه‌ كارله‌سه‌ر ته‌یاری ئیسلامی ده‌كه‌ن

جیابونه‌وه‌ی باڵه‌كانی یه‌كێتی له‌ چوار ساڵ جارێك و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، پۆلێک لە کادیرو سه‌ركرده‌و ئەندامانی حزبە ئیسلامییەکان دەچنە پاڵ ئەو ھێزە عەلمانییانەی کە لە یەکێتی جیا دەبنەوە، ساڵی ٢٠٠٩ بزوتنه‌وه‌ی گۆران توانیی بەشێکی زۆر لە ئیسلامییەکان بۆ خۆی پەلکێش بکات و لەھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ١٢ ئایاری٢٠١٨ پۆلێکی دیکە لە کادیرانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی چوونە پاڵ لیستە نوێیەکەی بەرھەم ساڵح.
سەنتەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوەی سیاسی و ئابووری لە سلێمانی، لە توێژینەوەیەکی سیاسیدا، ئاماژه‌ی داوه‌ “کە باڵە جیاوازەکانی یەکێتی بەھۆی دەنگی ئیسلامییەکان و دیندارانی کوردستانەوە ماون”.
سەنتەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوەی سیاسی و ئابووری لە سلێمانی بەوردی ئەنجامەکانی ھەموو ھەڵبژاردنەکانی کوردستانی لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ شیکار کردووە، نووسیویەتی: “ئەگەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی پاشخانێکی چەپگەرای مارکسییە و لە ھەناوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە لەدایک بووە، بەڵام باڵەکانی ئەم حزبە کە جیا دەبنەوە، کادیر و دەنگی ئیسلامییەکان بۆ گەورەکردنی خۆیان بەکار دەھێنن”.
توێژینه‌وه‌ی سه‌نته‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ پرسی سیاسی و ئابوری دەری خستووە کە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤، ٢٢ ئەندامی کۆنە یەکێتی کە بوونەتە گۆڕان، کە بە ھیچ شێوازێک چانسی دەرچوونیان نەبووە، بەھۆی دەنگی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕانەوە دەرچوون و بوونەتە پەرلەمانتاری کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی پاێزگای سلێمانی.
بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ به‌ پێی زانیارییه‌كانی “خواكوڕك” لیستی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بە بەرنامە کاری لەسەر ڕاکێشانی دەنگی ئیسلامییەکان کردووە و ھەندێ کاندیدی ئیسلامی لە کۆمەڵ و یەکگرتوو وەکوو تاکتیکی ئەو ڕاکێشانە، تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکانی حزبە ئیسلامییەکان بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح دانراون، پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان ھەمان تاکتیکی ئەنجام داوە و سەرکەوتنی بەرچاوی بەراورد بە بەرھەم ساڵح بەدەست ھێناوە.
به‌ پێی زانیارییه‌كان باڵی نەھزەکانی ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی بە شێوەیەکی رێکخراوەیی و نھێنی کاریان لەسەر راکێشانی دەنگی ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە، لەوەشدا سەرکەوتوو بوون کە دەنگی زۆرینەی کورسییەکی کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەولێر بۆقه‌واره‌کەی بەرھەم ساڵح بەرن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، موحسین حەسەن، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی، لە نووسینێکیدا کە لە هه‌ژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فەیسبووک نووسیویەتی: ”ئێمەی ئیسلامییەکان وەکوو تراکتۆرین، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە بەردەوام ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک دەیدات بەلایدا و لەسەری واجبە شەقامەکە چۆڵ کات و بچێتە سەر خۆڵەکە، بریتییە لە (تراکتۆر)، ھەرچی لەولاوە ھات ھۆڕنێکی بۆ لێ دەدات و ئەیدات بە لایدا، دەڵێی ھیچ کات مافی ئەوەی نییە ئۆتۆمبێلێکی تر لەدوایەوە بڕوات، ئێمەی ئیسلامییش وامان لێ ھاتووە، ھەموو ھەڵبژاردنێک لیستێکی نوێ دروست دەبێت و لە دەنگ و کورسیدا پێشمان دەکەوێت و ئێمە دەچینە دوایەوە”.
لای خۆشیه‌وە محەمەد بازیانی، شڕۆڤەکاری ئیسلامیی سیاسی و سەرۆکی ڕەوتی گەشە لە ھەرێمی کورستان، رایگەیاند:” کاتی ئەوەیە لایەنە ئیسلامییەکان و حاڵەتە ئیسلامییەکان پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن و ھۆکاری چوونە دەرەوەی ھەندێ لە کادیرە زیرەکەکانی بزانێت، تاوەکوو ستراتیژی داھاتووی بە شێوازێک بێت بتوانێ لەداھاتوودا دڵی کادیرە بەھێزەکانی ڕازی بکات، کە دەبینین لەناو ھێزی دیکەدا رۆڵی باڵایان دەبێت”.
هه‌روه‌ها عەبدولحەمید جەلال سەرکردە و بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی ئیسلامی گووتی:” ئەو ھەڵبژاردنە نابێتە پێوەر بۆ کەمبوونی دەنگی ئیسلامیەکان لەبەر ئەو ساختەکاریەی کە کراوە، گووتیشی “من پێم وایە ئەم ھەڵبژاردن و تەزویرەی کە کرا وەرچەرخان لە شێوازی کاری حیزبە ناڕازیەکان دەکات وایان لێ دەکات یا بەشداری ھەڵبژاردن ناکەن یان بەرنامە و پلانیان دەگۆڕن، چونکە ئەوی لە ١٦ ئۆکتۆبەر کرا لە ١٢-٥ پاداشتیان وەرگرت”.
Back to top button