به‌غداد… دیداری ئه‌مرۆی شانده‌كه‌ی میرانی به‌ڵێنی سه‌دری به‌دواداهات

له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی (موقته‌دا سه‌در) له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ده‌ڵێت:”پێویسته‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد بكات”.
 
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی موقته‌دا سه‌در ئاماژه‌ی به‌ دیداری سه‌در له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی (فازڵ میرانی) كردووه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی هه‌ڵوێستی كورد به‌رامبه‌ر به‌ رووداو و پێشهاته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان كردۆته‌وه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌‌، “پێویسته‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و كورد بكات و، به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق، كار به‌ رێبازێكی باوكایه‌تی بكات”.
 
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی نوسینگه‌ی سه‌دردا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، “شاندی پارتی خۆشحاڵی خۆی به‌و دیداره‌ نیشانداوه‌ و به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانی سائیرون پیرۆزباییان له‌ سه‌در كردووه‌”.
 
به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، كه‌ له‌ 12ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی (فازل میرانی ) سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی به‌غدایكرد و، له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی كوتله‌ی سائیرون كۆبوونه‌وه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ و نوری مالیكی سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا كۆبوونه‌وه‌.
Back to top button