شاخەوان عەبدوڵا: داواکاری پارتی گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچە داگیرکراوەکان

پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كرودستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: “پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە داگیرکراوەکان خاڵی یەكەمی داواكاریەكانی پارتییە لە دانوستانەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەت، لەگەڵ لایەنە عیراقیەكان”.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە سەردانی شاندێكی حزبەكەی بۆ بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقیەكان لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق ڕایگه‌یاند: “رەنگە زۆرێك لە هاووڵاتیانی كوردستان بپرسن، كە كورد بۆ دەچێتەوە بۆ بەغدا بەو پێیەی لە رابردوودا زۆر بەڵێنێ پێدراوە و بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكراون، بەڵام هەوڵەكانی ئەمجارە جیاوازە لە هەوڵەكانی پێشوو، بەو پێیەی ئەمجارە پارتی دەیەوێت پێش پێكهێنانی حكومەت، چەند پرسێك یەكلایی بكاتەوە و تەنها لەسەر كاغەز نەمێنێتەوە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە داگیرکراوەکان ئاماژەی بەوەكرد، كە خاڵی یەكەمی داواكاریەكانی پارتیە لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت حكومەت پێكبهێنن و زیاتر گووتی: “داوای ئەوە دەكەن كە پێش پێكهێنانی حكومەت، پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کەلە ١٦ی ئۆکتۆبەر داگیراکران یان دوای پێكهێنانی حكومەت بە ماوەیەكی كورت كە لە یەك مانگ تێپەڕ نەكات ئەو كارە جێبەجێ بكرێت”.
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هێمای بەوەشكرد، ئەگەر لایەنی عیراقی نیەتیان هەبێت ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بكەن، زۆر ئاسانە و دەكرێت هاوشێوەی پێش ٢٠١٤ پێشمەرگە، باكور و رۆژهەڵاتی كەركوك بپارێزێت، لایەنی عیراقیش باشور و رۆژئاوای ئەو شارە بپارێزن.
Back to top button