شانده‌كه‌ی پارتی به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغداد كۆبونه‌ته‌وه‌

شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ شاری به‌غدان و به‌شداریكردنی سه‌رۆكی شانده‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌ ئاڵای كوردستانی سه‌ر دڵییه‌وه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فازڵ میرانی سه‌رۆكی شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاڵایه‌كی كوردستانی له‌سه‌ر لای چه‌پی سینگی داوه‌ و به‌مشێوه‌یه‌ به‌جیا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای عێراقی له‌وانه‌ موقته‌دا سه‌در ، نووری مالیكی، عه‌ممار حه‌كیم، هادی عامری كۆبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كاره‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی پارتی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ خه‌ڵكی كوردستان ستایشی ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ و چاودێرانی سیاسییش پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ به‌ر به‌رگریكردنی سه‌رسه‌ختی پارتی له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌كاتێكدا كه‌ له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌سروور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا چه‌ند جارێك جه‌ختیان له‌ ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پارتی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بڕیاری چوونه‌ به‌غدای داوه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌شیان به‌ ده‌نگده‌ر و لایه‌نگرانیاندا كه‌ ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆیان له‌و پێناوه‌دا بده‌ن.

 

Back to top button