ئهشواق جاف: له خیانهتی 16ی ئۆكتۆبهر ههرچی زیانی بهركهوتووه دهبێت قهرهبوو بكرێتهوه.. حكومهتی عێراق نووسراوهكهی كرد
بەپێی بڕیارێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی بە ھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە زەرەرمەند بوونە، قەرەبوو دەكرێنەوە، ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤیش دەڵێ، بەپێی یاسا ھەموو ناوچەكان دەگرێتەوە.
دكتۆر ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: “بەپێی یاسا، ھەموو ئهو كەسانەی بە ھۆی كردەی تیرۆریستی یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ھەڵەی سەربازیەوە زەرەرمەند دەبن، قەرەبوو دەكرێنەوە، تا ئێستا دوو جار لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە یاسای قەرەبوونەكردنەوەكە ھەموار كراوەتەوە، چونكە بە گوێرەی یاسا پێشتر قەرەبوویەكی كەم بۆ ئەو كەسانەی بریندار دەبن دیاری كرابوو، ئێستایش ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێكی گشتاندووە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان كە بەپێی ھەمان یاسایە و، پێویستە ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی عێراق و ھەرێمی كوردستان ئەگەر زیانی ماددی و گیانییان بەر كەوتووە، حكوومەت قەرەبوویان بكاتەوە”.
جاف، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “بە داخەوە بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتیی عێراقی بوونە قوربانی، لە كاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكانی لەنێوبردنی داعشیشدا، ھەمدیسان زیانێكی زۆری ماددی و گیانی بە ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە كەوت، لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش و ھێزە عێراقییەكان بە داخەوە كارەسات دروست بووە لەوەی خەڵكی سڤیل كوژراوە و ماڵوێران بووە”.