عەمار حەکیم: حکومەتی داهاتووی عێراق ئەمریکی و ئێرانی نابێت
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە دهڵێت:” گفتوگۆکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوەیەکی ئیجابی بەڕێوەدەچن و ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی داهاتوو بە هیچ شێوەیەک ئێرانی و ئەمریکی نابێت بەڵکو حکومەتێکی عێراقی دەبێت”.
عەمار حەکیم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە وڵاتی کوەیت ڕایگەیاند: ” گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوەیەکی ئیجابی بەڕێوە دەچێت و رەوتی سەدریش ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئێمە نەبووە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر کە دەکرێت ئەو هاوپەیمانێتییە دوولایەنەیە کرۆکێکی بەهێز بێت”.
سەرۆکی رەوتی حیکمە ڕاشیگهیاند:” ئەوان سورن لەسەر دوورخستنەوەی عێراق لە میحوەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بۆیە عێراق هەر بۆ عێراقییەکان دەمێنێتەوە و مافی خۆشیانە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەبێت لەگەڵ هەموولایەکدا”.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەمار حەکیم ڕوونیکردەوە، لەو بڕوایەدا نییە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی ئەمریکی یان ئێرانی بێت، بەڵکو حکومەتێکی عێراقی دەبێت و بە بڕیاری عێراقیش پێکدەهێنرێت، بۆیە لە بەرژەوەندی عێراقە کە پەیوەندی باش و ئاسایی هەبێت لەگەل هاوسێ عەرەب و موسڵمانەکانی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٢ـی ئایارـی ٢٠١٨، هاووڵاتیانی عێراق بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان کرد، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری نوێی خۆیان لەو پەرلەمانە، کە بۆ چوارەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت.
* رەوتی حیکمە لە هەڵبژاردنەکاندا ١٩ کورسی بە دەستهێناوە و هاوپەیمانی سائیرون پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە بە ٥٤ کورسی پەرلەمان.