پێدانی كاره‌با له‌ شاری هه‌ولێر ده‌بێته‌ 24 كاتژمێر

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ بڕی 24 كاتژمێر كاره‌بای به‌رده‌وام دابین بكات, له‌ ئێستادا له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ دابینكردنی بڕی كاره‌بای پێویست , قائیمقامێكش ده‌لێت له‌ چه‌ند شوێنێك به‌ كاره‌بای مۆلیده‌كانه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ بڕی 24 كاتژمێر كاره‌با دابین بكه‌ین.
نه‌به‌ز عه‌بدولڕه‌حمان، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌سه‌ر داوای هاووڵاتییان پێداچوونه‌وه‌ به‌و خشته‌یه‌دا كراوه‌ كه‌ به‌ر له‌ مانگی ره‌مه‌زان راگه‌یه‌ندرا و بڕیاردرا، به‌ كاره‌بای نیشتمانی و مۆلیده‌ پێدانی كاره‌با به‌ هاووڵاتییان ببێته‌ 24 كاتژمێر.

قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر روونیشی كرده‌وه‌، له‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی شاری هه‌ولێر، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی لۆدی زۆریان له‌سه‌ر نییه‌، كاره‌بای نیشتمانی ده‌گاته‌ 16 كاتژمێر، به‌ 8 كاتژمێری كاره‌بای مۆلیده‌ش ده‌گاته‌ 24 كاتژمێر.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و جه‌ختییان له‌وه‌ كردووه‌ته‌ ده‌بێت خاوه‌ن مۆلیده‌كان 24 كاتژمێر له‌ ئاماده‌باشیدا بن و هه‌ر كاتێك كاره‌بای نیشتمانی بڕا، ئه‌وان مۆلیده‌كانییان پێبكه‌ن، روونیشی كرده‌وه‌ نابێت هاووڵاتییان یه‌ك خووله‌كیش بێ كاره‌با بن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی سه‌رپێچی و پابه‌ندنه‌بوونی خاوه‌ن مۆلیده‌كان، هاووڵاتییان ده‌توانن ئاگادارییان بكه‌نه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و ژماره‌ مۆبایله‌ی له‌سه‌ر پسووله‌ی پاره‌دان هه‌یه‌.

Back to top button