حەریری و سوننەکان بوونەوە بەسەرۆک وەزیرانی لوبنان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی5ی2018 لە دانیشتنێکی پەرلەمانی لوبناندا بۆ جاری سێیەم سەعد حەریری، وەک سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە ھەڵبژێردرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ڕۆیتەرز، لە کۆی(١٢٨)ئەندام پەرلەمان،سەعد حەریری(٧٠)دەنگی بەدەستھێناو بۆ جاری سێیەم وەک سەرۆکوەزیرانی لوبنان ھەڵبژێردرایەوە.
بەپێی یاسا سەرکۆماری لوبنان دەبێ بە شێوەی فەرمی بڕیار دەربکات ھەتا سەعد حەریری کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان پێک بھێنێ ھەتا بتوانێت دانوستان لەگەڵ حزبەکانی دیکەی ناو پەرلەمان دەست پێ بکات.
ھەرچەند لە ھەڵبژاردنی ئەم دوایەی لوبناندا ھاوپەیمانیی حزبوڵا براوەی یەکەم بوو، بەڵام بەپێی دابەشکردنی دەسەڵات و بە پێی عورفی دەستوری، پۆستی سەرۆک وەزیران لەو وڵاتە پشکی پێکھاتەی سوننەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەعد حەریری لە ھەلومەرجێکدا بۆ جاری سێیەم وەک سەرۆکوەزیر ھەڵبژێدراوەتەوە، کەلە ھەڵبژاردنەکاندا حزبەکەی (ئەلموستەقبەل) تەنیا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانی مسۆگەر کرد.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان ڕێکەوتی ٢٠١٨/٥/٦ بەڕێوە چوو.
سەعد حەریری، کوڕی ڕەفیق حەریری، سەرۆکوەزیری تیرۆرکراوی لوبنان، پاییزی ڕابردوو بەھۆی دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایەوە کە دواتر بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و سعوودیە، جارێکی‌تر نامەی دەست لەکارکێسانەوەکەی وەرگرتەوە.
Back to top button