لەبەغدا کردەیەکی تیرۆریستی بارەگایەکی حزبی شیوعی کردە ئامانج

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی تەقینەوەیەك لە بارەگای سەرەكی حزبی شیوعیی عێراقی لە گۆڕەپانی ئەندەلووس لە كەرادەی بەغدا تەقیەوە.

سەرچاوە ئەمنییەكانی بەغدا ئاشكرایان كردووە دوو تەقینەوە لە یەك كاتدا روویان داوە، بارەگای حزبی شیوعییان لە ناوچەی كەرادەی ناوەڕاستی بەغدا كردووەتە ئامانج.

هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن دوو بۆمب لە بەرانبەر بارەگاكە داندراونەتەوە و بەیەكەوە تەقیونەتەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانیش تەقینەوەكان زیانی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە، تەنها زیانی مادی هەبووە.

 

سەرچاوەی تریش ئاماژە بەوە دەدەن كە دوو مووشەكی قازیفە لە بارەگاكە دراوە.

ئەم تەقینەوانە لە هەفتەیەك دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دێت، كە تیایدا لیستی هاوپەیمانی سائیرون پلەی یەكەمی هێناوە، كە لە هاوپەیمانی حزبی شیوعی و رەوتی سەدر پێكدێت

Back to top button