يابوونه وه يان سه ربه خۆيى
سەلام عەبدوڵڵا
لەسەر داوای فەرمیی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێكی باڵای فرە حزبی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی فیدڕاڵی كرد. دیارە ئەم سەردانەش بە ئاگاداری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە، چونكە شەوی پێش سەردانەكە، جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم كردووە و پشتیوانی ئەمریكای پێڕاگەیاندووە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستووە.
ئەم شاندەی كە یاوەری سەرۆك بارزانیان كردووە پێكهاتبوو جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەریەك لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و هەردوو باڵی مەكتەبی سیاسی یەكیەتی نیشتمانی كە بریتی بوون لە بەڕێزان كۆسرەت رەسوول كە جێگری سەرۆكی هەرێم و هاوكات جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكیەتی نیشتمانییە و ئەندامی مەكتەبی سیاسییە و بەڕێز مەلا بەختیار كە بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسییە و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشوازییەكی گەرم كران كە زۆربەی هەرەزۆری كاربەدەستانی بەغدا تیایدا بەشدار بوون و ئەمەش لەهەموو كەناڵەكانی راگەیاندنەوە دەبینرا، كەچی هەندێك پەرلەمانتاری كورد دەیانوت ئەم شاندە شاندێكی پارتی یە!!.
ئەوە گرنگ نییە چونكە شاندەكە بۆ سێ پرسی زۆر گرنگ چووبوونە بەغدا ئەویش پرسی ئایندەی عێراق و شەڕی موسڵ و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بوو لە داهاتوودا بەتایبەتی دوای شەڕی موسڵ هەروەك ئەمە بۆ یەكەمینجار بوو پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی بە راشكاوی لەگەڵ بەغدا باس بكرێت كە پێوییستە بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكرێت، چونكە لەماوەی نزیك لە سەدەیەكدا پێكەوە ژیان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بە جیاوازی رژیمەكانیشەوە، سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كە ئەم پرسە لەوە زیاتر دوانەخرێت و لەگەڵ بەغدا وتووێژی لەسەر بكرێ و چارەسەرێكی ریشەیی بۆ پەیدا بكرێ كە بە دیدی شاندی كوردی خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، بە مەرجێك بە شێوازێكی ئاشتی و شارستانییانە بەڕێوەبچێت.
لەراستیدا ئەمە جیابوونەوە نییە و دابڕانی پارچەیەك لە عێراق نییە وەك هەندێك پەرلەمانتاری عەرەب و هەندێك پەرلەمانتاری- بەداخەوە- كورد دەیانەوێ بەو شێوەیە پێناسەی بكەن، بەڵكوو ئەمە مافێكی سرووشتی گەلی كوردە كە دەیەوێت لەسەر خاكی مێژوویی خۆی بە سەربەخۆیی- دوای سەرنەكەوتنی پێكەوەژیان- بژی، ئەویش پاش ئەوەی كە راپرسییەكی سەرتاسەری لە هەرێم دەكرێ و گەل بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات. كورد لەمێژوویدا چاوی لە خاكی كەس نەبووە و هەوڵی داگیركردنی خاكی هیچ نەتەوەیەكی نەداوە و ئەوەی هەیە ئیدی دەیەوێ بە ئاشتی و ئاسوودەیی لەسەر خاكی خۆی دەوڵەتی خۆی بنیات بنێت و بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێكانیدا، لەپێش هەموویانەوە عێراق بژی.