حیكمەتی لێدوانەكانی ئەمیری كۆمەڵ چییە؟
د.هۆگر غریب خۆشناو
لە ململانێی سیاسی و ناكۆكی نێوان گۆڕان و پارتی لە سەر پرسی سەردانیكردنی شاندی باڵای كوردستان بۆ بەغدا ئەوەی پیاو بیری لێنەكردبووە لێدوانەكانی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بوو، دوای ئەوەی بەرێزیان لە چەندین كۆبوونەوە و لێدوانی رۆژنامەوانی داوای كۆبوونەوەی حیزبەكان لە بارزانی دەكرد بە هەر سیفەتێك بێت، دواتر كۆبوونەوەكە لە رۆژی 26-1-2016 ئەنجامدرا ، بەرێزیان لە ژێر فشاری ئەنجوومەنی سیاسی حیزبەكەی بەشداری نەكرد لە دوای ئەو رۆژەوە پارتی بڕیاری ئاوتكردنی مامۆستا عەلی باپیردا.
چەند رۆژێك پێش سەردانی شاندەكەی كوردستان بۆ بەغدا جەمسەرە سەرەكییەكان لە پیرمام كۆبوونەوە لەوێ بڕیار دەدرێت جگە پارتی و یەكێتی، مامۆستا سەڵاحەدین وەكو نوێنەری ئیسلامییەكان و كاكە حەمەش وەكو باوكی شەهیدو نوێنەری پێشمەرگە لەگەڵ شێخ جەعفەر یاوەری شاندەكە بكەن.
لەو كۆبوونەوەیە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بە زمانێكی دیبلۆماسی بوونی ئەمیر كۆمەڵ لە نێو شاندەكە دەخاتەروو بەڵام بارزانی دەڵێ “ئەوان چاوەڕێی قسەی گۆڕانن نایەن و پێویستیش ناكات” وەكو ئاماژەیەك بۆ بوونی مامۆستا سەڵاحەدین وەكو ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی حوكم. جارێكی دیكە ئەمینداری یەكگرتوو هەوڵدەدات بارزانی رازی بكات كە مامۆستا عەلی باپیر ئاوت نەكرێت و رۆڵی خۆی پێبدرێت، بەڵام بارزانی داوای مۆڵەتی بیركردنەوەیەی لێدەكات بۆ بەیانی لە رێگای سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، بارزانی OK دەكات.
دواتر ئەمیندارو ئەمیر كۆدەبنەوە، دیارە مامۆستا عەلی باپیر بڕیاری گۆشەگیری دەدات و هەر دوو بەرێزانیش سەیری هەڵوێستی سیاسی یەكدی دەكەن. شاندەكە هێشتا كۆبوونەوەكانی تەواو نەكردبوو، بەرێز مامۆستا عەلی باپیر دەستی بە لێخوندن و هەڵسەنگاندنی نێگەتیڤی شاندەكە كرد بەبێ ئەوەی ئاگاداری هەوڵەكانی (ئەنتۆنی بلینكن و برێت ماكگۆگ) بێت! لێدوانەكەی بەرێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی ئەمجارە تەنیا كەسایەتی بارزانی نەكردە ئامانج، بەڵكو براگەورەكەی خۆی و خاوەنی پڕۆژەی هاوكاری ئیسلامییەكانی كردە ئامانج كە ئەویش مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین بوو كاتێك گوتی:” من وەكو خەڵكی دیكە نیم رەدووی كەس بكەوم”. بەكارهێنانی وشەی “رەدوو” كە دەستەواژەیەكی لۆكالی كۆمەڵایەتی نزمە هەرگیز لایەقی ئەوە نییە كەسی یەكەمی حیزبێكی ئیسلامی بە كەسی یەكەمی حیزبێكی دیكەی بەرامبەری بڵێ كە خۆی پرۆژەی یەكگرتنی لەگەڵ ئەوی خستووەتە بازاری ئیعلامەوە.
من باش بە بیرمە لە ساڵی 2006 كاتێك لە سەر داوای شا عەبدوڵلا پادشای كۆچكردووی سعودیە سەركردە ئیسلامییەكانی عێراق بۆ واژۆكردنی پەیماننامەی مەككە لە هۆتێلێكی نزیكی حەڕەمی پیرۆرز بانگهێشتكران لە هەموو كوردستان تەنیا مامۆستا سەڵاحەدین وەكو كوردو كەسایەتییەكی ئیسلامی داوەتكردابوو، كەچی بۆ ئەوەی بەرێزیان چاوی بكرێتەوە لە دوای ئازادبوونی لە زیندانی ئەمریكییەكان ئەمینداری یەكگرتوو مامۆستا عەلی لەگەڵ خۆی بردە مەككە ئەگەرچی “مامۆستا عەلی داوەتیش نەكرابوو”نازانم ئەو كات ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پێی وابوو ئەو رۆیشتنە بەبێ داوەتی فەرمی رەدوو كەوتنە یان خود نا؟! لێدوانەكەی مامۆستا عەلی باپیر تا سەر ئێسقان دوورە لە رووحی برایەتی و ئەخلاقیاتی سیاسی ئیسلامی و رێزگرتن، چونكە ئەمینداری یەكگرتوو فشاری زۆری لە بارزانی كرد تا رازی بێت ئەویش سواری كەشتیەكە بێت، چونكە دەیزانی بوونی 3 یەكێتی لە شاندەكە نوێنەرایەتی گۆڕانیش، بە سادەی گۆڕان وەكو هێزێكی 24 كورسی ئاوت نەكرێت لە بەر هیچ نەبێت لە بەر رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی بە تایبەتی بە پێی ماددەی 13 رێككەوتنەكە، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر و كۆمەڵی ئیسلامیی بە 6 كورسی زوو ئاوت دەكرێن بە تایبەت دوو لە سەر سێی دەنگی كۆمەڵ لە ژێر دەستی پارتییە.
كەچی پاداشتی ئەمیر كۆمەڵ بۆ ئەمینداری یەكگرتوو تەشهیرو قسەی نزم بوو وەكو ئەوەی رۆژانی ئەنجوومەنی حوكمی لە بیر كردبێت كاتێك ئەمینداری یەكگرتوو، كوردەكانی دیكە ئەنجوومەنەكە كە هەموو كۆبوونەوەیەك یاداشتی ئازادكردنی رادەستی پۆل برێمەر دەكرد، كەچی برێمەر وەڵامی سەركردە كوردەكانی دابووە كە بۆچی ئەوەندە بەرگیركردن لەو پیاوە دەكەن خۆ ئەو لە زیندانی بۆكا نییە ، بەڵكو لەگەڵ رەفیقەكانییەتی لە زیندانەكەی دیكە! دوای كۆچی دوایی جەنابی شێخ محەممەد بەرزنجی پێشەوای كۆمەڵ، حەكیمێك لە سەرووی ئەمیری كۆمەڵ نییە ئەم لێدوانە ناشایستانە راستبكاتەوە. تانەدان لەوەی یەكگرتوو لە پارتی نزیكە لە لایەن میدیایی كۆمەڵی ئیسلامیی یەوە شتێكە جێگای بڕوا نییە، چونكە پێش هەفتەیەك یەكگرتوو دەنگی بە لابردنی خاڵی بارزانیدا، هەر ساڵی 2011 كاتێك بۆدووەمجار بارەگای یەكگرتوو لە بادینان سوتا، مامۆستا عەلی باپیر دەستی بە سوڵحكاری لە نێوان پارتی و یەكگرتوو كرد لە بڕی ئەوەی پشتی مەزڵووم و هاورێبازەكەی خۆی بگرێت خۆ ئەو كات هێشتا دوو كەڵی بارەگا سووتاوەكان لە بادینان مابوو كەچی خۆی خستە بەرەی پارتی.
كەسێك لە دانیشتنەكە بوو گێڕامەوە كە بارزانی گوتوویەتی “دەزانم گۆڕان چیان دەوێ بۆ تۆڕەن بەس نازانم عەلی باپیر بۆ، نە من عەبدوڵڵا قەسرێم كوشتووە، نە زانیاری موشەكبارانی بارەگاكانی كۆمەڵم لە هەورامان بە ئەمەریكا داوە، زۆر بۆ خۆی و حیزبەكەی باش بووین ئەگەر یەكگرتوو توڕە بێت مەعقولە، چونكە بۆ ئەوان خراپ بووین”. ئەمە جگە لە چەندین كاروخزمەتی كۆمەڵایەتی و دارایی لە لایەن جێگری سەرۆكی پارتییەوە. ئێستا دوای پرسیارەكانی بارزانی حەقە، مامۆستا سەڵاحەدین بپرسێ كە مامۆستا عەلی باپیر دوای چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لە پێناو كۆكردنەوەی چەند دەنگێك لە هەڵبژاردنی 2010 پەرلەمانی عێراق كە گوتبووی “وەكو برایانی یەكگرتوو ئیسلامی بوونی خۆمان پێ شەرم نییە”. بۆچی دووەمجار ئەو پیاوە بەم شێوەیە لێدوان دژی یەكگرتوو دەدات؟ لە كاتێك ئەوان دەستی یارمەتیان بۆ درێژ كردووە؟.