سوپاس بۆ خوا كه پارتی هه‌یه!
شۆڕش قه‌تیس كرا له‌وه‌ی كه پارتی پێ بڕووخێنرێت، هه‌موو فه‌لسه‌فه‌كان به پارتییه‌وه ڕاڤه كران، هه‌موو تیۆره‌كان به‌سترانه‌وه به پارتییه‌وه، گرنگی كتێب و زانكۆ و خوێندن و مه‌عریفه خرایه دژایه‌تی پارتییه‌وه، تۆ ئه‌گه‌ر زانای فیزیا و پزیشكی ده‌مار و پسپۆڕی ئه‌تۆمیش بیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دژی پارتی نه‌بیت و به حه‌ق و به ناحه‌ق جنێوی پێ نه‌ده‌یت، به نه‌خوێنده‌وار حیسابیت!
ئه‌مڕۆ تۆ نا‌توانیت باس له شتێك بكه‌یت و پارتیت له بیر بچێت، هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كی بێ پارتی بگریت به ناقسی ده‌زانن، ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه له ئێران بگره، داوات له ده‌كه‌ن كه ڕه‌خنه‌ش له توركیا بگریت، چونكه به دۆستی پارتی ده‌زانن، من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌ردۆغان بڕووخێت، به‌ڵام ئه‌وان له‌داخی پارتی حه‌ز به‌و ڕووخانه ده‌كه‌ن!
باسی كێشه‌ی یه‌مه‌ن بكه، ده‌گه‌ڕێن تا بزانن له كوێوه ده‌رفه‌تی تیایه ببه‌سترێته‌وه به پارتییه‌وه و یه‌ك دوو جنێوی پێ بده‌ن! بۆ ئه‌وه‌ی پارتی بڕووخێنن، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌شكرێكی خوێنده‌وار دروست بكه‌ن، سوپایه‌كی جوێندهواریان دروست كرد، من ڕووم له حزبه سیاسییه‌كان نییه، حیزبه‌كان به‌پێی ئادابی حیزبایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی، مافی خۆیانه هه‌ر ڕێگایه‌ك بگرنه به‌ر بۆ هاتنه سه‌ر حوكم، به‌ڵكو ڕووم له‌و خوێنده‌وارانه‌یه كه بوون به مامۆستای جوێندهواران!
له کوردستان کەس لە ھیچ چالێنج و ململانێ و كێبڕكێیهكدا خۆی پێ براوە نییە، ئیللا ئەگەر لە پارتی نەبردبێتەوە، كه‌س چێژ له سه‌ركه‌وتنی خۆی نابینێت ئه‌گه‌ر دۆڕانی پارتی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، زۆربه‌ی حیزبه سیاسییه‌كان گه‌وره‌ترین چێژ له‌وه ده‌بینن كه مێژوویه‌كیان هه‌بێت تیایدا پارتی وه‌ك دۆڕاوی ده‌ستی ئه‌وان نوسرابێته‌وه، سه‌ركرده‌كانیان دێن و به شه‌وق و زه‌وقه‌وه مژده‌ی له‌ناوبردنی پارتی ده‌ده‌ن به جه‌ماوه‌ره‌كانیان و ئه‌وانیش له خۆشی‌دا هه‌ڵده‌خه‌نه‌وه!
جهماوهرێكیان دروست كردووه، نان و ئاو و ئه‌مان و مووچه‌شیان مه‌ده‌رێ، به‌س موژده‌ی له ناوبردنی پارتییان پێ بده، هه‌ڵده‌په‌ڕن، كه‌یف خۆش ده‌بن، شایی ده‌گێڕن و چه‌پڵه‌ت بۆ ده‌كوتن، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به جیاوازی ئایدۆلۆژی و ناكۆكی فكریی و سته‌مكاری پارتییه‌وه نییه، ململانێیه‌كی خێڵه‌كی و ده‌روونییه، هیچ حیزبێكی كوردستان ناكۆكی فكری و جیاوازی ئایدۆلۆژییان له نێواندا نییه!
پاڵەوانەکانی ئه‌مڕۆی دونیای ڕۆشنبیریی كوردی، ئەوانەن کە لە سوچێکەوە، لە كونج و پەنایەکەوە، سەرکەوتنەکەیان بە شکست بۆ پارتی حیساب كراوه، سەدان پێشمەرگەی جەربەزە و ئازا ھەیە کە بە بەورئاسا داعشی تێکشکاندووە، كه‌چی کەس نایناسێت، بەڵام ھەزاران گەنج کراون بە پاڵەوانی ڕۆژگار، تەنیا لەبەر ئەوەی بە ڕێكه‌وت لە شاشەی تەلەفزیۆنێکەوە تێر و پڕ جنێویان بە پارتی، بە كاربه‌ده‌ستێكی پارتی، بە فەرماندەیەکی پارتی یان بەکەسێکی بنەماڵەی بارزانی داوە، من ھەموو ئەو ڕۆژنامانەم ئەرشیف کردووە کە ڕۆژگارێک کارم تیا کردوون، دەیان مانشێتیان ھەیە نوسراون: فڵان کەس عەرشەکەی بارزانی ھەژاند، فیسار عەرشی پارتی شڵەقاند، عەرش تەنیا ھی خوایە، ئەوان بارزانی‌یان دەکرد بە خودا و دەستکاری عەرشەکەشییان دەکرد، نووسه‌ر دروست كرا ئه‌گه‌ر ده ده‌قیقه قسه‌ت بۆ بكات، نۆ ده‌قیقه‌ی باسی پارتییه، ڕۆژنامه‌نووس دروست كرا ئه‌گه‌ر باسی پارتی نه‌كات، ئاگای له دونیا نامێنێ و خاڵی ده‌بێته‌وه له قسه!
دەبێت پێناسه‌یه‌كی تر بۆ ڕەخنە بكه‌ین، دەبێت لە سوچێکی ترەوە پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانی سه‌رزه‌نشت بکرێ، ساڵانی پێشوو، پاڵه‌وانه‌كان ئه‌وانه بوون كه له داستانی گه‌وره‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه، كاره‌ساتی گه‌وره‌یان تێده‌په‌ڕاند، له شۆڕشه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كوردیشدا، پاڵه‌وانه‌كان ئه‌وانه بوون كه به خه‌نجه‌ره‌وه ده‌چوونه سه‌ر ده‌بابه، به سه‌مینۆف و بڕنه‌وه‌وه شه‌ڕی میك و سوخۆی عێراقییان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا هه‌ر كه‌س ته‌ڕه جنێوێك به پارتی بدات، به پاڵه‌وان ده‌بینرێت، ئێستا ئه‌فسانه‌سازی و پاڵه‌وانبازی و به‌خشینی نازناوی گه‌وره، به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه‌تۆ به‌تووندی دژ به پارتی بووه‌ستیته‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت، ڕه‌خنه گرتن نییه له پارتی، ته‌نیا جنێودان و سوكایه‌تییه، شاسوار جنێوی به‌پارتی ده‌دا و ده‌نگی گۆڕانی ده‌برد، من زۆر كه‌م خه‌ڵك ده‌بینم ڕه‌خنه له هه‌ڵه‌كانی پارتی بگرێت، كه‌م كه‌س ده‌بینم له شوێنی خۆیدا پارتی ڕاگرێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا جنێوه، به‌مه‌ش پارتی ئه‌وه‌نده‌ی تر ملی ئه‌ستوور بووه و ته‌وریش نایبرێت، تێكڕای شۆڕشه‌كانی مرۆڤایه‌تی بێنه، یه‌ك حیزب، یه‌ك سیستم و حكومه‌ت و ڕژێم نادۆزیته‌وه كه به جنێو ڕووخابێت!
تۆی جوێندهوار، له‌داخی پارتی هه‌رچیت پێ خۆش بێت ده‌یكه‌یت، بەغداد دەڵێت ڕیفراندۆم خراپ بوو، تۆش دەڵێی خراپە، بەغداد دەڵێ وەختی نەبوو، تۆش دەڵێی وەختی نەبوو، بەغداد دەڵێت فرۆشتنی نەوت لەلایەن ھەولێرەوە نایاساییە، تۆش دەڵێی نایاساییە، بەغداد دەڵێت پارە و داھاتی کوردستان بژمێرن و سەفتەی بکەن و بیھێنن بۆ بەغداد، تۆش دەڵێی یەڵا با بیبەین، نەوتی کەرکوک بەدەست ھەولێرەوە بوو، ئێوە قیامەتتان ھەڵگیرساند، ئێستا بەدەست حەشدی شەعبییەوەیە و ئێوە قسە ناکەن! بەغداد سوپا و حەشد و ھەرچی چەکدار و چەتەی ھەبوو ناردییە سەر پێشمەرگە، تۆش بسکەی سمێڵت دەھات لە خۆشی‌دا، بەغداد دەڵێت کورد پێ درێژی زۆری کردووە، تۆش دەڵێی بەڵێ کردوویەتی، بەغداد دەڵێت نابێت عێراق پارچە پارچە بکرێت، تۆش دەڵێی بەڵێ نابێت بکرێت، جاروبار بەغداد لە شەرم و ناچاریشدا بێت سوپاسێکی پێشمەرگە دەکات کە شەڕی لەناوبردنی داعشی کردووە، کەچی ئێوە دەڵێن پێشمەرگە بۆ سێڵفی گرتن چووە! بەس پێم بڵێ جیاوازی ھەڵوێستی تۆی کورد و ئەوی عەرەب چییە دژ بە ماف و شکۆی کوردستان؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی نه‌بوایه، چۆن سیاسه‌تتان ده‌كرد؟ جنێوتان به كێ ده‌دا؟ ده‌ی سوپاسی خوا بكه‌ن كه پارتی هه‌یه!