مالیكی لەرێگای ئەندامانی گۆڕان جوڵەیەكی تر دەكات
خواكوڕك
پێشتر كوتلەی مالیكی رایانگەیاندبوو كە ئیبراهیم جەعفەری هێلی سورە بۆ ئێمە و كەس ناتوانێت متمانەی لێ بستێنێتەوە، بەڵام ئەو لێدوانە تەواو بۆچوونی پارتی پشت راستكردەوە كە دۆسیەی لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری و وەزیری بەرگری و ناوەخۆی سیاسی بووە و ئامانج لێی بنكۆڵكردنی حكومەتەكەی عەبادی بووە.
لەئێستادا ئەندام پەرلەمانێكی عێراق لەسەر لیستی (تغیر) گۆڕان، مەسعود حەیدەر، دەلێت “هەرچەندە کۆبوونەوەکەی بارزانی و عەبادی داخراو بووە بەڵام بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتنی سیاسی کراوە لەسەر نەوت و بارزانیش داوای پۆستی وەزیری دەرەوەی کردووە”.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمە گەمەیەكی تری مالیكیە كە دەیەوێت لەژێر كاریگەری ئەو قسەیە كە گوایە پارتی داوای وەزیری دەرەوەی كردووە نابێت وەزیری دەرەوە متمانەی لێ بستێنرێتەوە، ئەمە لەكاتێك ئەگەر لەژێر ئەو تۆمەتە نەبێت پێشتر نەیاندەتوانی متمانەی لێ بستێنەوە ئەمەش كێشەی بۆ مالیكی دەكرد كە لەژێر ناوی گەندەلی لەهەولی رووخانی حكومەتی عەبادی دایە.
هەروەها چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئێستا بەتەواوی جلەوەی فراكسیۆنی ( تغییر) گۆڕان، لەژێر دەستی مالیكیە و لەو رێگایانە دەیەوێت گوێچكەی سیاسیەكانی عێراق بەوە ئاشنا بكات كە لەبەر پێشنیاری بارزانی ئێمە ناتوانین متمانە لە ئیبراهیم جەعفەری وەربگرینەوە.