تره‌مپ ئاماده‌نییه‌ موبایله‌كه‌ی بگۆرێت

به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نن، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ مۆبایله‌ تایبه‌ته‌كانی بگۆڕێت، یان هیچ به‌رنامه‌ و ئه‌پێكی تایبه‌ت به‌ پارێزگاریكردن له‌ هاك دابنێت.
 
وێبسایتی “پۆلیتیكۆ”ی ئه‌مه‌ریكی تایبه‌ت به‌ هه‌واڵ و سیاسه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تره‌مپ به‌ به‌رپرسانی ئاسایشی زانیاری و ته‌كنه‌لۆژیای راگه‌یاندووه‌ “شتێكی زۆر بێزاركه‌ره‌” مۆبایله‌كانی بگۆڕێت، هاوكات ره‌تیشی كردووه‌ته‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ پارێزگاریكردن له‌ هاك، یان بردنی نامه‌ تایبه‌ته‌كانی بۆ دابنێت.
 
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تره‌مپ ده‌بێت هه‌ر 30 رۆژ جارێك مۆبایله‌كانی بگۆڕێت هاوشێوه‌ی باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشوو، به‌ڵام تره‌مپ ئه‌و كاره‌ی به‌ شتیكی “زۆر بێزاركه‌ر” وه‌سفكردووه‌.
 
وێبسایتی “پۆلیتیكۆ”ی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، تره‌مپ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان مۆبایلێك به‌كارده‌هێنێت و بۆ نووسینی پۆسته‌كانیشی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر و خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان مۆبایلێكی دیكه‌، هه‌ردوو مۆبایله‌كه‌ش له‌ جۆری ئایفۆنن.
Back to top button