جگه‌ له‌ كۆلێژی یاسا تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كانی زانكۆی سلێمانی دواخران

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی سبەینێ ٢٦ی ئایاری سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ.
 
رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند:” بەهۆی رووداوی ئاگركەوتنەوەكەوە، تاقیكردنەوەی سبەینێی خوێندكارانی زانكۆكەیان ئەنجام نادرێت، بەڵام بڕیارەكە كۆلێژی یاسا ناگرێتەوە”.
 
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند:” ئەو بەشە ناوخۆییەی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی كە ئاگری گرتووە، كاری نوێكردنەوەی تێدا دەكرێت و هیچ خوێندكارێكی تێدا نەبووە، بۆیە خۆشبەختانە ئاگركەوتنەوەكە زیانی گیانی لێنەكەوتۆتەوە، تەنها كرێكارێك كە لەشوێنی رووداوەكە بووە بەسوكی بریندار بووە.
هه‌روه‌ها لای خۆشیه‌وه‌  د.ئاراس فەریق زەینەڵ، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران، گووتی :” بە هۆی ئەو رووداوەی كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی روویداو ئاگر لە بەشێكی كەمپەكە كەوتەوە، بڕیاردرا تاقیكردنەوەی سبەینێ‌ بۆ رۆژی دووشەممە دوابخرێت.

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران، گوتیشی: ئەو بڕیارە، كۆلێژی یاسا ناگرێتەوە كە تاقیكردنەوەكانیان بە شێوەی مەركەزی ئەنجام دەدرێت، بۆیە بڕیاردرا تاقیكردنەوەكانی ئەو كۆلیژە لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
 
دره‌نگانێكی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ٢٦ی ئایار، ئاگرێک لەبەشی خوارەوەی تەلاری سەنتەری خزمەتگوزاری لەنزیک بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی سلێمانی کەوتەوە، بەڵام لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا بەهۆی ئەوەی هیچ خوێندکارێکی لێنەبووە، زیانی گیانی نەبووە، هەروەها ئاگرەکەش لە هەمان ئەو شوێنەدا روویدا، کە ساڵی پار گڕیگرت و کارمەندێکی بەرگری شارستانی بەناوی “کاردۆ” تیادا شەهید بوو.
Back to top button