ڕێبوار تاڵه‌بانی: كورد مارانگەس بووە لە مالیکی و جەعفەر تا دەگاتە عەبادی

ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: “داوا دەکەم یەکێک لە بابەتەکانی شاندی دانوستانی لیستە براوەکانی وەک (پارتی و یەکێتی) کە دەچنە بەغدا، نەهێشتنی عەسکەرتارییەت و ساخکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بکرێتە مەرجی سەرەکی، چونکە سوننەکانیش ئێستا ئەو مەرجەیان هەیە، بۆیە پێویستە کوردیش ئەوە بکاتە مەرج، هەروەها لەگەڵ ئەو کەسانە هاوپەیمانی نەکەن کە بوونە هۆی دروستبوونی ئەم بارودۆخە”.
 
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاشیگه‌یاند: “ئەوەی ڕوونە ئێستا پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان و دوای ئەویش یەکێتی دێت، هەروەها هەردووکیان ئێستا لە بەغدان و لانیکەم چوونەتە سەر هاوکێشەی دانوستان لەگەڵ لیستە براوەکانی شیعە و سوننە، بۆیە حەق وایە مەرجی یەکەمی بەشداریکردنیان لە حکوومەتی نوێ ئەوە بێت کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، ئەگینا دەزانم ئێستا شیعە و سوننە هەمان قەوانی پێشوومان بۆ لێ دەدەنەوە و دەڵێن مادەی (١٤٠) جێبەجێ دەکەین، بەڵام زۆرمان لەو جۆرە قسانە لە گەورەکانی پێشیان بیست، بۆیە چاک وایە کورد بەقسە هەڵنەخەڵەتێت”.
 
ڕێبوار تاڵه‌بانی گوتی :”: “لەمەودا خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان ئەوە قبووڵ ناکەن، کە نوێنەرایەتییان بکرێ و نەشتوانرێ کێشەکانییان چارەسەر بکرێت”.
 
هه‌روه‌ها گوتیشی :”گەورەکانی شیعە و سونە هەر ئەوەنەی حکوومەتەکەی خۆیان پێکدەهێنن و دایدەمەزرێنن، ئەوا دواتر پشت لە کورد دەکەن، دوو سێ جارەیشە مارانگەس بوونە لە مالیکی و جەعفەر تا دەگاتە عەبادی، بۆیە چاک وایە ئەمجارە کورد بەوە هەڵنەخەڵەتێ و بێتە سەر حسابی وەرەقە”.
Back to top button