کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەرەو کۆتایی ده‌چێت

خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر به‌رئه‌نجامی باڵێكی خیانه‌تكاری نێو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوو،كه ماڵی هەزاران کورد لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە تاڵان کران، خانووی ٤٠٠ هاووڵاتیی کورد سووتێنران، زیاتر لە ١٥٠ دەکان وفرۆشگا تەقێنرانەوە و ژمارەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی کوردی خورماتوو، شەھید و بریندار بوون و چەندین خێزان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوون کە تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
 
شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەتایبەت لە سنووری خورماتوو ڕایگەیاند:” بەھۆی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماوەیەک کاری لیژنەکەیان راگیرابوو”.
 
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕاشیگه‌یاند:” بڕیارە لەم ماوەیەدا لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنی سنوری خورماتوو کە ناویان ھاتووە، کۆبوونەوە ئەنجام بدەین و دواتریش ڕاپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەکەینەوە”.
 
شوان شێخ ئەحمەد گوتی : لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرھەوڵێکی جددی دەدات لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانی تەواو بکات، تاوەکوو چۆنیەتیی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواتر بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ڕوون ببێتەوە.
 
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق پەلاماری ناوچە کوردستانییەکانیان دا و زیاتر لە نیوەی ڕووبەری باشووری کوردستانیان داگیر کرد، دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر، بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێک لەنێو حزبەکەیاندا خیانەتی کردووە و بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر ئەو ناوچانەی ڕادەست کردووە.
Back to top button