تەواوی داهاتی سلێمانی دەچێتە گیرڤانی هێرۆخان

خواكوڕك
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی باس كە لە سەر زاری ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گواستویتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو ساڵ و نیوە، داھاتی گومرگەکانی دەڤەری سلێمانی و ھەڵەبجە کە داھاتی حکوومین، نانێرێت بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆ خۆی گل دەداتەوە.
سەرچاوەیەكی لە پارێزگای سلێمانیش بەهەمان رۆژنامەی راگەیاندووە، داھاتی گومرگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی باشماخی سەر بە قەزای پێنجوێن کە ساڵانە نزیکەی ٢٥٠ ملیار دینار دەبێت، نایەتە ھەولێر و بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەڕوات، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگاکەش رای دەگەیەنێ، ئەوان پارەکە رادەست بە بانکی باشماخ دەکەن، کە بانکێکە سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەوێوە ئاگاداری ئەوە نین پارەکە بۆ ھەولێر دەڕوات یان بۆ سلێمانی.  
بەپێی ئەو بەڵگەیەی کە لە لیستێکی دیاریکراوی مانگانە، سەبارەت بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی باشماخ رۆژنامەكە ئاشكرا كردووە، تەنیا داھاتی ئەو دەروازەیە لە ساڵێکدا نزیکەی (٢٥٠) ملیار دینار بووە.   بەڵگەکە کە داھاتی کۆی مانگەکانی ساڵی پاری (٢٠١٥)ی لەخۆ گرتووە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە مانگانە لەو دەروازەیەوە نزیکەی (١٥ بۆ ٣٠) ملیار دینار کۆی داھاتی مانگانەی ئەو دەروازە نێودەوڵەتییە بووە، کە کەوتووەتە سنووری قەزای پێنجوێن.   کۆی گشتیی پارەکەش کە لە لیستەکەدا روون کراوەتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥٠ ملیار دینار لە ساڵێکدا.  
لەم بارەیەوە عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە دەڤەری سلێمانی ھیچ بڕە پارەیەک رادەست بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، ھەر لە داھاتی گومرگەکانەوە تا دەگات بە پارە و رسووماتی ھاتوچۆ و باج و ھەموو ئەوانەی حکوومەت بە شێوەیەکی فەرمی وەریان دەگرێ. گوتی: “ئەو ھاتوھاوارەی حزبەکانی سلێمانی و ھێنانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان بۆ داپۆشینی نادیاریی ئەو پارانەیە، تاوەکو خەڵکی داوایان لێ نەکات و وا بزانێ کە پارەکان ھاتووەتە ھەولێر، ھەر بۆیەش ئاراستەی خۆپیشاندانەکان روو لە ھەولێرە، بەڵام دواجار ئەوە بۆ خەڵکی سلێمانی بەتەواوی روون دەبێتەوە”.
سەرچاوەی رۆژنامەكە باس لەوەش دەكەن داھاتی ئەو دەروازەیە بە رێژەیەکی زۆر کەم نەبێت رادەست بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، گوتی: “مانگانە لەو بڕە پارە زۆرەی لەو دەروازەیە بەدەست ھاتووە، تەنیا ٣٠ ملیۆن دینار مانگانە رادەست بە وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە”.
پێشتر لە بەیاننامەیەکدا، ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بێ بەری كرد لەو داھات و پارانەی کە ئیدارەی گشتیی یەکێتی خاوەنیانە، تەنانەت گلەیی ئەوەشیان کردووە کە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی دەستیان گرتووە بەسەر ھەموو داھاتەکاندا و بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەکاریان ھێناوە.
د.عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە ناشەفافیەت لە ھەموو دەروازە نێودەوڵەتی و گومرگییەکاندا ھەیە، بەڵام ئەو پارەیەی کە بە فەرمی و رسوماتی حکوومەتی لەگەڵدایە و دەچێتە خەزێنەی گشتی و وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لای خۆشیانەوە، ئەزوەر مەحمود ساڵح، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی باشماخ بۆ بەرۆژنامەكەی گوتووە، ساڵانە ئەوان داھات و ھەموو چالاکییەکانی دەروازەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنن، گوتیشی: “داھاتی پارساڵ باشتر بووە لە ئەمساڵ، ئێستا نیواونیو دابەزیوە، ئێستا مانگانە ٨ بۆ ١٠ ملیار دینارە، کە پێشتر دوو ئەوەندە بووە”.
ھاوکات شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێتی رایگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری داھاتەکان نین و لەمبارەیەوە زانیارییان نییە.
435345345
Back to top button