ئێران پاڵپشتی له فهتح و دهولهتی یاسادهكات
ھاوپەیمانی سائیرون، بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لەگەڵ ھاوپەیمانی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات بەرەیەكن و لە بەرامبەریشدا، ئێران كار بۆ ئەوە دەكات، سەدر بكاتە ئۆپۆزسیۆن و ھەردوو ھاوپەیمانی فەتحی ھادی عامری و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بخاتە پێشەوە، كوردیش تاوەكو ئێستا بە تەواوی یەكلانەبووەتەوە.
سەدر جەخت لەسەر حكوومەتێكی تەكنۆكراتی نیشتمانی دەكاتەوە و بە مەرجیش عەبادی وەك سەرۆك وەزیران قبوڵە، بەڵام كۆی كورسییەكانیان ناگاتە رێژەی یاسایی كە (١٦٥) پەرلەمانتارە بۆ پێكھێنانی حكومەت،بەرەی ئێرانیش كە خۆی زیاتر لە فەتح و دەوڵەتی یاسا دەبینێتەوە، ئەوانیش ناتوانن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبھێنن. ئێستا ھاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق. چاویان بڕیووەتە كورد، كە تاكو ئێستا بە تەواوی خۆی یەكلانەكردووەتەوە پاڵ بە كام لەم دوو بەرەیە دەدات، بۆیە پێدەچێت، ئەمجارەشیان كورد وەك جارانی پێشوو خاڵی یەكلاكردنەوەی ھاوكێشەكان بێت.
لەگەڵ ئەوەی تاكو ئێستا لێڵی و گومان بەسەر ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەوە ھەیە، تادێت ئەركی پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییش بۆ ئەوەی حكوومەتی داھاتوو پێكبھێنێت، سەختردەبێت.