ئایا تره‌مپ له‌گه‌ڵ كیم كۆده‌بێته‌وه‌ ؟

تاوەكو كاتژمێر ١٠ـی شەوی چوارشەممەی رابردوو (بەكاتی واشنتن) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا سوور بوو لەسەر ئەوەی كۆبوونەوە مێژووییەكەی رۆژی ١٢ـی حوزەیران لەگەڵ كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكوور، وەكو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، بەڕێوەدەچێ. بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی، هەمان شەو جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی، بە ترەمپی گوتووە كە راگەیێندراوەكەی حكومەتی كۆریای باكوور لەبارەی ئەگەری شەڕی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا و گاڵتەكردن بە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، ئاماژەی باش نین.
 
رۆژی چوارشەممە كۆریای باكوور لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری بە ئەمریكا دا كە “یان لە ژووری كۆبوونەوە بمانبینن یان لە نمایشێكی ئەتۆمیدا رووبەڕوومان ببنەوە”. رۆژی پێشتر ترەمپ باسی لە ئەگەری دواخستنی كۆبوونەوەكە كردبوو كە بڕیار بوو لە سینگاپوور بەڕێوەبچێ.
 
مانگی ئاداری ئەمساڵ، ترەمپ رەزامەندی لەبارەی كۆبوونەوەكە لەگەڵ كیم جۆنگ ئون دەربڕی. لە رۆژانی دوای ئەو بڕیارەشدا بە گەشبینی و تەنانەت شانازییەوە باسی لە دەستكەوتێك دەكرد كە سێ سەرۆكی پێش خۆی نەیانتوانی پێی بگەن. ئیدارەی كۆشكی سپی پێیانوابوو رێككەوتن لەگەڵ كۆریای باكوور دەتوانێ سەركەوتنێكی گەورەی سیاسەتی دەرەوەیان بێ.
 
رۆدۆڵف جولیانی، راوێژكاری یاسایی ترەمپ، رۆژی چوارشەممە لە نیویۆرك چاوی بە ترەمپ كەوتبوو، پاش كۆبوونەوەكەش بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاندووە “ترەمپ بێ ئومێد بووە و هەقی خۆشیەتی ئەو هەستەی هەبێ. بەڵام ئەو پێشتریش هۆشداری دابوو كە رەنگە كۆبوونەوەكە نەكرێ”.
 
سەرۆكی ئەمریكا پێشتر لەبارەی شوێنی كۆبوونەوەكە مشتومڕی لەگەڵ راوێژكارانی خۆی كردبوو، زۆر بە جدیش بیری لەوە كردبووەوە كە لوتكەكە لە ناوچەی ئارامی نێوان هەردوو كۆریا بەڕێوەبچێ، واتە هەر ئەو شوێنەی كۆبوونەوە مێژووییەكەی مانگی رابردووی نێوان سەرۆكی هەردوو كۆریاكەی تێدا بەڕێوەچوو. بەگوێرەی راپۆرتەكە، بەدەر لە دەستكەوتە دیپلۆماتیك و سیاسییەكان، ترەمپ بیری لە بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیش كردبووەوە.
 
بەڵام ئەگەری هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوەكە دەریدەخات خەونەكانی ترەمپ شتێكن و ئەو واقیعە سیاسی و ئەمنییەی كە دانوستاندنەكانی تێدا دەكرێ شتێكی دیكەیە. ساڵانێك لەمەوبەر تۆنی شوارتس لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كتێبی “هونەری رێككەوتن”یان نووسی. شوارتس پێیوایە سەرۆكی ئەمریكا بۆ پاراستنی ئیگۆی خۆی كۆبوونەوەكەی هەڵوەشاندەوە. شوارتس لەمبارەیەوە بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاند: “ترەمپ زۆر لەوە دەترسێ سووك یان شەرمەزار دەربچێ و قەت ئەمە قەبووڵ ناكات”.
 
كاژێر حەوتی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەرپرسان و راوێژكارانی باڵای كۆشكی سپی لە كۆبوونەوەدا بوون. ئەو كات هێشتا ترەمپ لە شوێنە خێزانییەكەی خۆی لە كۆشكی سپی بوو، بەڵام بە تەلەفۆن لەگەڵ راوێژكارانی خۆی لە پەیوەندیدا بوو. لەگەڵ گەیشتنی بۆ ژووری كۆبوونەوەكە، بڕیاری كشانەوەی لە لوتكەی ئەمریكی ـ كۆری راگەیاند.
 
ترەمپ بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكە وازی نەهێنا، بەڵكو نامەیەكیشی بەناوی خۆی بۆ سەرۆكی كۆریای باكوور رەوانە كرد. نامەكە هەر لە كۆبوونەوەكەی بەرەبەیانی پێنجشەممەدا نووسراوە. لە هەندێك شوێندا هەڕەشەئامێزە و باسی قەبارەی توانای ئەتۆمیی ئەمریكا دەكات، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەست دەكرێ ترەمپ دەیەوێ دەرگای كۆبوونەوەی دیكە لە نێوان خۆی و هاوتا كۆرییەكەی دانەخات.
 
لە نامەكەدا هاتووە: “لەو دۆخەی ئێستادا دانوستاندن لەجێی خۆی نییە، هۆی ئەمەش بۆ ئەو تووڕەیی و دوژمنایەتییە دەگەڕێتەوە كە لە بەیاننامەكانی ئەمدواییەی ئێوەدا بەدی دەكرێ”. ترەمپ بە “زۆر بەڕێز” ناوی كیم جۆنگ ئون دەهێنێ و سوپاسی “خۆڕاگری و هەوڵەكان”ی كۆریای باكوور دەكات كە لە دوو مانگی رابردوودا پیشانیان داوە.
 
ئیدارەی ترەمپ لە یەك ساڵ و نیوی رابردوودا بەدەست كێشەی دزەكردنی زانیارییەوە دەناڵێنێ، هەموو ئەو رێوشوێنانەش كە بۆ رێگری لەو دیاردەیە گیراونەتەبەر شكستیان هێناوە. كەسانی بەشدار و ئاگادار لە كۆبوونەوەكەی پێنجشەممە بە رۆژنامە ئەمریكییەكەیان راگەیاندووە، ترەمپ ترساوە لەوەی ئەگەر كات بۆ ئاگاداركردنەوەی هاوپەیمانەكانی خۆیان لە ناوچەكە تەرخان بكەن، زانیارییەكان دزە بكەنە دەرەوە.
Back to top button