یهكێتی له نێوان كۆنگره و پلینیۆم دا
لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا، زۆر پرس و كێشەی جیاواز ئاستەنگیان بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی ناوەتەوە. تەنانەت ئەگەر بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستانیش ئاسایی و هێور بووبێت، كێشە نێوخۆییەكانی ئەو حیزبە دەرفەتیان نەداوە لەبارەی وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەم بە ئەنجامێك بگەن.
لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەركردەكانی یەكێتی مزگێنی ئەوەیان دەدایە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەكەیان كە دوای ئەو هەڵبژاردنە كۆنگرە دەبەستن، بۆ ئەوەی متمانەی كادر و لایەنگرانیان لە هەڵبژاردنەكەی مانگی ئەیلول لەدەست نەدەن، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆئەوەی ئەگەر كۆنگرەش نەبێ، پلینیۆم ببەستن.
بەڵام بەستنی پلینیۆم ناتوانێ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا گوڕوتین بداتە ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی بۆ ئەوەی بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی دەنگدان بكەن. چونكە چەند جارێك بەڵێنی كۆنگرە دراوە و نەبەستراوە. بەپێی زانیارییەكان دوو بۆچوونی جیاواز لە نێو سەركردایەتی هەیە، هەندێك داوا دەكەن هەرچۆن بووە پێش هەڵبژاردن كۆنگرە ببەستن و بۆچوونی دووەم وای دەبینن كە تەنیا پلینیۆمیان پێدەبەسترێ.
ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی لەو بڕوایەدا نین بتوانن بە بڕیارێكی كۆتایی بگەن لەبارەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیان لەماوەی ئەمساڵدا، ئەویش بەهۆی هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنێكی دیكە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و بڕیارە لە ٣٠ـی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێ. ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە دەڵێ لە دۆخێكی وادا پلینیۆم جێگرەوەی كۆنگرەیە و دەتوانین پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بیبەستین.
ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیش دەڵێت: “زۆربەی كادرانی یەكێتی كۆنگرەیان دەوێ، بەڵام ئەگەر بڕیار لە پلینیۆم بدرێ، ئەركی ئێمە ئاسانتر دەكات”.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: هێشتا رۆژی كۆبوونەوەی سەركردایەتی دیاری نەكراوە تاوەكو بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە ئاخۆ كۆنگرە دەبەستن یان پلینیۆم،بەهۆی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ـی ئەیلولی داهاتوو ئەستەمە بتوانین لەو ماوە كەمەدا كۆنگرە ببەستین.
رۆژی 4ی2ی2018 لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ساز كرد. دیارترین ئەندامانی ئەو لیژنەیە قادر حەمەجان، رەفعەت عەبدوڵڵا، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دلێر سەید مەجید، بەرپرسی مەكتەبی دارایی یەكێتی و د.یوسف گۆران بوون.
د.یوسف گۆران، ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی،دهڵێت:”سەركردایەتیی یەكێتی بڕیار دەدات لەسەر بەستنی كۆنگرە و رۆژەكەی “ئێمە لێژنەیەكی هونەرین، ئەگەر سەركردایەتی بڕیار بدات ئێمە كاری خۆمان دەكەین و پێشمانوایە كۆنگرە زۆر پێویستە”.
لای خۆیهوه بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رەتیكردەوە سەركردایەتی دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بڕیار لەسەر كۆنگرە بدات “.
بهپێی پەیڕەوی ناوخۆی یهكێتی، پلینیۆم و كۆنگرە دوو شتی جیاوازن ، كۆنگرە هەڵبژاردنی تێدایە و پلینیۆم هەڵبژاردنی تێدا نییە. د.یوسف دەڵێت “زۆربەی كادرانی یەكێتی كۆنگرەیان پێباشترە لە پلینیۆم”.
رۆژی ١٠ی ١٠ی ٢٠١٣ لە قەڵاچوالان یەكێتی پلینیۆمێكی بەست كە ماوەی كەمتر لە كاژێرێكی خایاند. لەوێ جگە لەوەی تەمەنی سەركردایەتی درێژ كرایەوە، بڕیار درا رۆژی 31ی1ی2014 كۆنگرەی چوارەم ببەسترێ. بەڵام سەركردەكانی یەكێتی تا ئەم ساتەش دڵنیا نین لەوەی ئاخۆ لەماوەی ئەمساڵدا دەتوانن كۆنگرەی چوارەم ببەستن یان نا.
بهڵام زانیارییهكانی خواكوڕك له سهرچاوه باڵاكانی ناو مهكتهبی سیاسی شتێكی تر دهڵێن و پێیان وایه “پلینیۆم ببەسترێ یان كۆنگرە، مام جەلال وەك سكرتێری گشتیی یەكێتی دەمێنێتەوە و كەس لە شوێنی ئەو دانانرێ. ئەگەر پلینیۆم ببەسترێ، كۆسرەت رەسوڵ وەك جێگری سكرتێری گشتی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر كۆنگرە ببەسترێ، دەستەی بەڕێوەبردنی یەكێتی دیاری دەكرێ بە هەڵبژاردن و دوو جێگر دیاری دەكرێن بۆ سكرتێری گشتی و گۆڕانكاریش لە هەندێك لە ئۆرگانەكانی یەكێتیدا دەكرێ”.