بزانە بارزانی چی بە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا گوتووە
خواكوڕك
ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ سێشەممە 4ـی 10ـی 2016 هەواڵێكی بڵاو كردەوە لە هەواڵەكەدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە سەركی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە كریستیەن تۆرنێر بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گوین جێنكیس جێگری ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی و فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و جۆن شارپ كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر.
لە هەوالەكەدا كە مالپەرەكە بڵاوی كردۆتەوە، شاندی میوان وێڕای ئەوەی پێزانینیان هەبوو بۆ ڕۆڵی گەلی كوردستان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان، سەرۆك بارزانییان لە ستراتیژی و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی دەروەی بریتانیا لەبارەی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە و جەختیشیان لە بایەخ و گرنگیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بۆ ئاساییشی نەتەوەیی وڵاتەكەیان كردەوە. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە هاتوونە لە نزیكەوە ئاگاداری هاوكێشە سیاسییەكان و پێشهاتە مەیدانییەكان بن لە عێراق و ناوچەكە و هەروەها دەرئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیای كرد و لە گوتەیەكدا باسی لە ئەولەویەت و سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستان لەمەڕ شەڕی داعش و قۆناغی دوای داعش و بابەتی ئاوارەكان كرد. هەروەها قۆناغەكانی مێژووی گەلی كوردستان و مەسەلەی شەراكەت لەگەڵ دەوڵەتی عێراق شی كردەوە و ڕۆشنایی خستەسەر داواكاری گەلی كوردستان و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا هاوڕابوون كە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفتی قووڵ ڕەهەندە سیاسییەكانی قۆناغی دوای داعش لەبەرچاو بگیرێت و بە هەماهەنگی و هاوكاریی هەموو لایەك كاری بۆ بكرێت. هەروەها شاندی میوان پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەتی دیالۆگ و دانوساندنی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و جەختیان لەوە كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی ئەو جۆرە ستراتیژ و سیاسەتە دەبێت.