پۆلیسی هه‌ولێر كه‌سێكی مه‌ترسیدار له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیرده‌كات.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا باس له‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێك ده‌كات و ده‌ڵێت.” کە تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، کە پێنج تاوانی دزی ئەنجام داوە له‌ نێو شاری هه‌ولێر.”

ئەمڕۆ سێشەممە 29/5/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕایدی پۆلیس ئومێد عارەب عەبدوڵا، ئەفسەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی باکوور ڕایگەیاندووە: “لەم ماوەی ڕابردوو دیاردەی شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی پارە لەنێو ئۆتۆمبێلەکان سەریھەڵدابوو، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و بە پشتبەستنمان بە کامێرای چاودێری، توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و دەستگیری بکەین”.

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌ ھاتووە: “تۆمەتبار بەناوی (ن، ک، ێ)، تەمەن 40 ساڵ، دوای دەستگیرکردنی دانینا بە پێنج تاوانی دزی، کە دزیی یەکەم لە گەڕەکی ئازادی جامی ئۆتۆمبێلێکی شکاندبوو و بڕی 385 ھەزار دیناری دزی بوو”.

باس لەوەش کراوە، کە دزیی دووەمیدا و لە شەقامی 100 مەتری و نزیک کۆلێژی جیھان، جامی ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری پیکابی تۆیۆتا ھایلۆکس شکاندبوو و دوو چەکی لە جۆرەکانی (کڵانشیکۆف و قەناس) دزی بوو، لە دزی سێیەمیشدا، جامی ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری (تۆیۆتا کۆرۆلا)ی شکاندبوو و بڕی ھەزار و 500 دۆلاری ئەمریکی دزی بوو.

پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، کە ئەو تۆمەتبارە لە دزیی چوارەمیدا و لە شەقامی مووسڵ، جامی ئۆتۆمبێلێکی شکاندبوو و دەمانچەیەکی لە جۆری (دەسک سۆر) دزی بوو، ھەروەھا لە دزیی پێنجەمیدا و لە نزیک پارکی سامی عەبدولڕەحمان جامی ئۆتۆمبێلێکی دیکەی شکاندبوو و بڕی دوو ملیۆن و 800 ھەزار دیناری دزی بوو.

پۆلیسی ھەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تۆمەتبارە ڕێک خراوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراوە، دادوەریش بڕیاری دا بە بەندکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادان.

Back to top button