دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی ئۆتۆمبیله‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك ناگه‌ڕێنێته‌وه‌

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ئیمزای راكان سه‌عید، پارێزگارى سه‌پێنراوی كه‌ركووكى له‌سه‌ره‌، ئاراسته‌ى نووسینگه‌ى به‌رپرسی ده‌زگاى دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی كراوه‌ و داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاى دژه‌ تیرۆری یه‌كێتییه‌وه‌ براون.
 
رۆژی 16ى ئۆكتۆبه‌ری 2017 له‌لایه‌ن دەزگای دژه‌ تیرۆری (لاهورجه‌نگی)یه‌وه‌ كه‌ هاوشان بوون له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ ڕاده‌ستكردنی كه‌ركوك بۆ داگیركاری، چه‌ندین ئۆتۆمبێل و شتى تریان له‌ شوێنى مانه‌وه‌ى د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم بردووە‌، به‌ڵام له‌دواى گه‌یشتنى تیمى ئیداره‌ى كه‌ركووك بۆ بیناى هێزى دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی، له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانى ئه‌و هێزه‌وه‌ وه‌ڵامیان دراوه‌ته‌وه‌ و پێیانیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ راده‌ستی ئیداره‌ى شارى كه‌ركووك ناكه‌نه‌وه‌.
 
به‌ پێی زانیارییه‌كان، سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ خواكوڕكی راگه‌یاند: “ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ حكوومییانه‌ له‌ سه‌روبه‌ندى داگیركردنى كه‌ركووك له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ دراون به‌ دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی و ژماره‌یان له‌و ژماره‌ ئۆتۆمبێله‌ زیاتره‌ كه‌ وه‌ك باسی لێوه‌ ده‌كرێت”.
 
له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تردا كه‌ واژۆی راكان سه‌عیدى پارێزگارى سه‌پێنراوى كه‌ركووكى له‌سه‌ره‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌و جۆر و ژماره‌ى ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ ژماره‌یان 9 ئۆتۆمبێله‌ له‌لایه‌ن نه‌جمه‌دین كه‌ریم راده‌ستی ئیداره‌ى كه‌ركووك كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ هه‌مان به‌ڵگه‌ و نووسراودا هاتووه‌ كه‌ پێنج ئۆتۆمبێل كه‌ جۆر و ژماره‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى تێدایه‌ راده‌ستى ئیداره‌ى كه‌ركووك نه‌كراونه‌ته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ش ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆری یه‌كێتییه‌وه‌ براون.
 
ڕۆژی 16ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردوو، میلیشیاكانى (حه‌شدى شه‌عبی) به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكاری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، په‌لامارى كه‌ركووك و خورماتوویان دا و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت و سه‌دان هاووڵاتیی كوردیان شه‌هید و بریندار كرد و نزیكه‌ى 200 هه‌زار كه‌سیش له‌و سنوورانه‌ ئاواره‌ بوون.
Back to top button