یەکێتی بۆ حزبە ناڕازییەکان: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن خەونە

 

دزای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیًراق له‌بتره‌ی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆبویه‌وه‌ چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد, ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق هاتنە دەنگ و ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ناکرێت هەر هەڵبژاردنێک بکرێ و حزبێک یان چەند حزبێک سکاڵا بکەن و ئەو هەڵبژاردنە هەڵبوەشێندرێتەوە. جەختیش لەوە دەکەنەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ”خەونە“.

ڕێبوار ئیسماعیل، جێگری بەپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە ھەولێر لەبارەی دەنگۆی ھەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە ڕاگەیاندووه‌: “ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە عێراقدا پرۆسەیەکی قورسە و ئاسان نییە، بۆیە دووبارە و سێ بارە ناکرێتەوە، ئەگەر واش بکرێت، زۆر تەکلیف دەکات و ڕەنگە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی لێ دروست ببێت، لەبەر ئەوە ناکرێ لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا لەلایەن حزبێکی سیاسییەوە سکاڵا بکرێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی، یان ھەژمارنەکردنی دەرەنجامەکەی”.

لەبارەی ئەو قسە و لێدوانانەی کە لەلایەن گۆڕان و کۆمەڵ و لایەنەکانی دیکەی ناڕازی لەسەر ساختەکاریییەکانی یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکان دەکرێت، بەرپرسەکەی یەکێتی پێیایە “ئەوە تۆمەتە و ئەوان شکستی خۆیان پی قبووڵ ناکرێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە لایەنێک نین کە تۆمەت بۆ لیست و حزبێک بتاشن، بەڵکوو دەبێ کۆمیسیۆن ئەوە بسەلمێنێت”.

هەر لەمبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی ڕایگەیاند: ”ئەوانەی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردن لە کەرکووک دەکەن، خزمەت بە شۆڤێنیی عەرەب دەکەن نەک خزمەت بە کورد، چونکە سەرەڕای بەشداری نەکردنی پارتی کە لایەنێکی دیاری کەرکووک بوو، ئێمە توانیمان نیوەی دەنگەکان بێنینەوە“.

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەو بەرپرسەی یەکێتی نەیشاردەوە: ”دەرئەنجام ھەڵناوەشێتەوە، لە دونیاشدا شتی وانەبووە کە بەقسەی کۆمەڵێک حزب کە دەنگیان نەھێناوە، ھەڵبژاردن ھەڵبوەشێتەوە، بۆیە ئەوانە خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەکەن، چونکە ئەمە یاری ھەڵماتێن نییە ھەڵی بوەشێنیتەوە و سەرلەنوێ دەست پێ بکەیتەوە، بۆیە ئەمە تەنیا خەوێکە دەیبینن و پێموانییە ئەنجامیشی ھەبێت“.

ڕوونیشی کردەوە، دەکرێ دەرئەنجام بژمێردرێتەوە، بەڵام ھەڵوەشاندنەوە ”ئاسان نییە و کاتی دەوێ و خەڵک یەک مانگ ھەڵمەتی بۆ ھەڵبژاردن کردووە و کۆمیسیۆنیش پارەی خەرج کردووە“. گوتیشی: ”ئەوانە ناتوانن شکستی خۆیان قەبووڵ بکەن، ئەوان ناتوانن کە شت بۆ لایەناکانی خۆیان بکەن، بۆیە ئەگەر وابێ، سبەی ئێمەش ئەگەر دەنگمان کەم ھێنا، ئەبێ داوا بکەین دیسانەوە ھەڵبژاردن بکرێتەوە“.

Back to top button