گۆڕان داوایی دادگایكردنی خیانه‌تكارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ده‌كات

 

سەرەڕای بێدەنگبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پشتیوانیکردنی ناڕاستەوخۆی ئەو خیانەتە، ئێستا و پاش ئەو زیانە گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەری کەوتووە، دێتە دەنگ و بەرپرسی ژوورێکی، داوای دادگاییکردنی خیانەتکاران دەکات.

پەیام ئەحمەد، بەرپرسی ژووری پەرلەمان و حکوومەتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بەپێی شەرع و ھەموو یاسایەکی دونیا، هەر کەسێک خاک و نیشتمانەکەی بفرۆشێت، ”دەبێ سزای خۆی وەربگرێت“. گوتیشی: ”ئەوانەی کەرکووکیان ڕادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کردووە، پێویستە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزای یاسایی بدرێن، چونکە ئەوان بەبێ ھیچ بەرگریکردن و تەقەکردنێک کەرکووکیان فرۆشت، بێگومان، فرۆشتنی کەرکووک ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی شارەکەی تووشی شۆک کردووە“.

ڕوونیشی کردەوە، ھەرچەندە تائێستا نازانرێت، بۆچی شاری کەرکووک فرۆشراوە، بەڵام ئەو لێژنەیەی کە پەڕلەمانی کوردستان، بۆ ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێکی ھێناوە، ”پێویستە بەدواداچوونی جددی بکات، بۆ ئەوەی ھەموومان بزانین بۆچی بەئاسانی و بەبێ ھیچ تەقەکردنێک کەرکووک فرۆشرا“.

بەرپرسی ژووری پەرلەمان و حکوومەتی بزووتنەوەی گۆڕان نەیشاردەوە: ”ئەگەر یەکێتی بەرگری لە کەرکووک بکردایە، دواتر ئەو شارەمان بدۆڕاندایە، بێگومان ئەوکاتە خەڵکی بۆچوونێکی دیکەی دەبوو، بەجۆرێک خەڵکی دەیگوت، یەکێتی بەرگری کردووە و دوژمن شارەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام بەداخەوە ھیچ بەرگرییەکمان نەبینی، چونکە ئەوان بە فەرمان لەناو شاری کەرکووکدا پاشەکشەیان کرد“.

پەیام ئەحمەد، باسی لەوەش کرد کە ئەگەر ساختەکاری نەبووایە، ئەوا خەڵکی کەرکووک بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تۆڵەی خۆی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکردەوە، بەڵام ”یەکێتی بەھۆی ساختەکارییەوە لە شاری کەرکووک دەنگی ھێناوە، ئەگین خەڵکی شارەکە دەنگیان بەو حزبە نەداوە“.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون. پاشان هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهوور و ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند، ڕەفعەت عەبدوڵا، شوان داودی و چەند کەسێکی دیکە)، بەهۆی بەرگریکردنیان بە شێوازی جۆراوجۆر و خەڵاتکردنیان لەلایەن شێخ و مەشایەخی عەرەبی شۆڤێنی و دەرکەوتنیان لەسەر خوانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەناو کەرکووک، بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسران.

Back to top button