یه‌كێتی: هۆشداری ده‌دات له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستكاری كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركووك كه‌ توركمان له‌ هه‌وڵدان

 

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، په‌رله‌مانتارانی كه‌ركووكی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رایانگه‌یاند، “نیهاد كەركوكی جێگری نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە سەر بە بەرەی توركمانییە، كۆپی كلیلی سەرجەم ژوورو هۆڵەكانی كۆگاكەی رادەستی گروپێكی چەكداری كردووە و هاوشان لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن”.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌، هاتووه‌: “لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانی 12 / 5 / 2018ەوە میلیشیا چەكدارەكان گەمارۆی ئەمبارەكانی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیان داوە و سەرۆك و فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان نەگەڕانەتەوە سەر كارەكانیان و سنوقەكانی دەنگدانیش لە ژێر دەستی ئەو میلیشیایەنەدا ماوەتەوە”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: “بە پێی زانیارییە تەواوەكان نیهاد كەركوكی جێگری نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە سەر بە بەرەی توركمانییە، كۆپی كلیلی سەرجەم ژوورو هۆڵەكانی كۆگاكەی رادەستی گروپێكی چەكداری كردووەو هاوشان لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەكان لە بەرژوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو”.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ راشیانگه‌یاندووه‌، “لێرەوە ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی كەركووك دەرئەنجامە خراپەكانی ئەو پیلانگێڕییە دەخەینە ئەستۆی بەرەی توركمانی و حكومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی و پێشیلكردنی ئەو بنەما دیموكراتییانەی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، هاوكاریكردنی عێراقییەكانیش لە رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لە پرۆسەكە بە ئەركی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەزانین”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: “هاوكات جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كەركووكیش دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری دەنگەكانتان دەبین و لە پێناوەشدا سەرجەم رێگا دەستوری و یاسایی و شەرعی و نیشتمانییەكان دەگرینەبەر”.

Back to top button