پارتی هەوڵی پێكهێنانی فراكسیۆنێكی كوردستانی بۆ بەغدا دەدات

 

پارتی له‌ میانه‌ی به‌رێوه‌ چوونی كه‌مپینه‌كانی هه‌لبژاردن له‌ زۆربه‌ی په‌یامه‌كانی داوای له‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان ده‌كرد به‌ یه‌كگرتووی بچنه‌ به‌غدا, له‌ ئێستادا كه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئاشكراكراون, پارتی هێزی یه‌كه‌می سه‌ر كوردستانه‌ جارێكی دیكه‌ داوای یه‌كده‌نگی له‌ حزب و لایه‌نه‌ كوردستانه‌كان ده‌كات له‌ ئێستادا له‌ هه‌وڵی پێكهێنانی فراكسیۆنێكی كوردستانیه‌.
عەلی حوسێن بەرپرسی پێوەندییە نیشتیمانییە عێراقی و هەرێمی كوردستانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پارتی پێش ئەوەی سەردانی بەغدا بكات پەیامی ئەوە بوو كە یەكریزی لە ناوخۆی كوردستان دروست بكرێت، لایەنە سیاسییەكان خەریكی كێشەكانی خۆیان بوون و بەدوای بانگەوازی ئێمەوە نەهاتن، بەڵام ئێستەیش پارتی دەیەوێت هاوپەیمانییەكی كوردستانی دروست بكرێت لەنێوان حزبە كوردستانییەكاندا.

زیاتر گوتی، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات. دووپاتیشی كردەوە كە راستە كۆبوونەوە لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام پێویستە یەكێتی لەناوخۆیدا كۆدەنگییەك دروست بكەن و دواتر لەگەڵ پارتی كۆبوونەوەی تر بكەن.

لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، عەلی حوسێن ڕای گەیاند، داواكاری پارتی بۆ حكوومەتی نوێی عێراق ئەوەیە كە حكوومەتەكە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و تەوافق بێت و ئەو بڕیارانەیش هەڵبوەشێتەوە كە دوای ڕیفراندۆم دژی هەرێمی كوردستان دراون.

عەلی حوسێن ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد و گوتی، وڵاتان كاریگەریان هەیە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و لایەنی سێیەم لە گفتوگۆكان بە پێویست دەزانین.

بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە و لەكاتی سەردانی شاندی پارتیش بۆ بەغدا دووپات لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەیانەوێ‌ كورد بە یەكڕیزی بچێت بۆ بەغدا.

Back to top button