گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ( محموود محه‌مه‌د) له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند”ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.

 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

“دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند کە لە دەرئەنجامەکان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات.

ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.

شایەنی باسە بریاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین…

هەروەها لە پێناوی چارەسەری كێشە و رەواندنەوەی گومانەكان و زیاتر ئاڵۆز نەكردنی بارودۆخەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین كە بە رێگای دەستووری و یاسایی هەنگاوی بۆ بهاوێژێ.

محمود محمد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

۳٠ـی٥ـی۲٠۱۸”

Back to top button