سه‌عد حونه‌یتی جیابونه‌وه‌ی خۆی له‌ داعش ڕاگه‌یاند

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ی5ی2018 سه‌عد حونه‌یتی، سه‌ركرده‌ی پێشووی ره‌وتی سه‌لفییه‌ت له‌ ئوردن ، ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ و جیابوونه‌وه‌ی خۆی له‌ رێكخراوی داعش ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند: “عێراقییه‌كان كۆنترۆڵی بڕیاره‌كانی ناو داعشیان كردووه‌و هۆزی “موقیته‌” جومگه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ داگیركردووه‌”.

سه‌عد حونه‌یتی، سه‌ركرده‌ی پێشووی ره‌وتی سه‌لفییه‌ت،ره‌خنه‌ی توند له‌ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ده‌گرێت و ورده‌كاریی زۆری له‌سه‌ر ره‌وشی ناوخۆی ڕیكخراوی تیرۆریستی داعش ئاشكراكرد كه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ست بووبه‌ (ئه‌بومحه‌مه‌د فورقان) كه‌ ساڵی 2016 كوژراو و به‌شێكیشی په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌نابردنی داعش بۆ شه‌ریعه‌تی فیقهی ڕێكخراوه‌كه‌و ده‌ڵێت: “دادگاكانی داعش كه‌سانی ئه‌منی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و به‌ شه‌ریعه‌تی خودا حوكم ناكه‌ن”.

سه‌عد حونه‌یتی ده‌شڵێت: “عێراقییه‌كان حوكمی داعش ده‌كه‌ن و جومگه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ و زۆرترینیان سه‌ر به‌ هۆزی موقیته‌ن و كه‌سانی خاوه‌ن وڵاتینامه‌ی دیكه‌ وه‌ك رووكه‌شێك بۆ خۆیان به‌كارده‌هێنن”.

حونه‌یتی له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2014 به‌یعه‌تی به‌ (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) رێبه‌ری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دابوو ئه‌مرۆ جیابونه‌وه‌ی خۆی له‌ داعش له‌ په‌یامه‌كه‌یدا گوتیشی : “داعش داوا له‌ خه‌ڵكی ده‌كات شه‌ریعه‌تی ئیسلام په‌یڕه‌و بكه‌ن، ناویان له‌ خۆیشیان ناوه‌ ده‌وڵه‌تی شه‌ریعه‌ت، به‌ڵام سته‌م له‌ خه‌ڵكی خۆیشیان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر یه‌ك ئه‌میر له‌ ئه‌میره‌كانیشی نه‌مێنن و یه‌ك درهه‌میش له‌ گه‌نجینه‌كانیدا نه‌مێنێ هیچ كاتێك به‌ شه‌ریعه‌ت حوكمیان له‌سه‌ر ناده‌ن”.

به‌ گوێره‌ی زانیاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئوردن سه‌عد حونه‌یتی ساڵی 2013 له‌ بارودۆخێكی نادیاردا ئوردنی به‌جێهێشتووه‌ و به‌ره‌و سووریا رۆیشتووه، به‌ڵام له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا گوتویه‌تی: بۆ ئاشته‌وایی نێوان داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ چووه‌ته‌ سوریا ،وادیاره حونه‌یتی دوای په‌یوه‌ندیكردنی به‌به‌ره‌ی نوسره‌وه‌ شكستی هێناوه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ دواتر به‌ره‌ی نوسه‌ری به‌جێهێشتووه‌و چووه‌ته‌ ناو داعش و به‌یعه‌تی به‌ به‌غدادی داوه‌.

Back to top button