وهزیری دارایی: هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت
ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، كۆبوونهوهی ئاسایی خۆی ئهنجام دا و لەبارەی مووچە و داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد. له میانهی بهڕێوه چوونی كۆبوونهوهكه وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان, رایگەیاند، ههفتهی داهاتوو دەست به دابەشکردنی مووچە دهكرێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پابهندیی وهزارهتی به پرۆسهی دابهشكردنی مووچه دووپاتكردهوه و ئاشكرای كرد، ههفتهی داهاتوو دەست به دابەشکردنی دهكرێت.
هەروەها راپۆرتێکی لەبارەی داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستانهوه خستەڕوو، ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەت هەموو رێکارەکانی گرتووەتەبەر بۆ رێکخستنی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات و چۆنیەتیی خەرجکردنی.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران باسی له هەڵبژاردنەکانی 12-5-2018ـی پەرلەمانی عێراق کرد و سوپاسی ههموو لایهنه پهیوهندارهكانی كرد كه هاوكار بوون بۆ ئهوهی پرۆسهكه سهركهوتووانه بهڕێوەبچێت.
ههروهها تاوتوێی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له كۆتاییی ئهیلوولی داهاتوودا كرد و دووپاتیكردهوه كه لهگهڵ كۆمیسیۆن له پهیوهندیدا دهبن بۆ دیاریكردنی ههڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش.
لەدوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، عوسمان شوانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئابووری، راپۆرتێکی سەبارەت بە دوا كۆنفرانسی ئابووریی هەرێمی کوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كه له ههولێر بهسترا، پێشكهش كرد.
رۆژی 17-5-2018 بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەیەکی مووچەی راگەیاند و هەریەکە لە: وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایش، پێشمەرگەی زێرەڤانی بەرگری و فریاكەوتن هێزی ئامادە، دیوان و لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكەكانی 70 و 80ـی پێشمەرگە، خانەنشینی پێشمەرگە و خانەنیشنی شارستانی مووچەیان وەرگرت.
دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە بڕی 317 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، کۆتایی مانگی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی نوێی بۆ دابەشکردنی مووچە راگەیاند و، بڕی پاشەکەوتی کەمکردەوە، پاشان دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ کرد.
کاتێک بڕی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی کەمکرایەوە کە سیستەمەکە تەنیا پلەباڵاكان ناگرێتەوە، پاشەكەوتی مووچە کرایە 10% بۆ 30%. ئەوکات دەستکاری مووچەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و یەکەی پاسەوانی نەکرا، بەڵام وەزارەتی دارایی بڕیاری دا مانگانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە 12 ملیار دینار، بۆ وەزارەتی ناوخۆ 10 ملیار و، بۆ پاسەوانانیش بڕی 2 ملیار دینار زیادبکات، وەزارەتەکانیشی سەرپشککرد چۆن دەستکاری مووچەی مووچەخۆرەکانیان بکەن.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەکات، بەڵام پاشەكەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی نەگرتەوە.