بزوتنه‌وه‌ی مافی كورد له‌ كه‌ركوك له‌سه‌ر دزینی نه‌وتی كه‌ركوك هاته‌ ده‌نگ

گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتی، كه‌ركووك و خورماتوویان له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ری 2017 ڕاده‌ستی میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی كرد،له‌دواى داگیركردنى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد دامه‌زرا.
 
ئه‌دهه‌م جومعه‌، به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد،ڕایگه‌یاند:” ئێستا له‌ رووى یاساییه‌وه‌ نه‌وتى كه‌ركووك نانێردرێت و به‌رپرسانى كۆمپانیای نه‌وتى باكووریش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ ناڕوات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ و خه‌ڵكى كه‌ركووك به‌گشتی به‌ چاو ده‌یبینین، سه‌دان تانكه‌ر له‌ كێڵگه‌ نه‌وته‌كانى كه‌ركووك پڕ نه‌وت ده‌كرێن و به‌شێكى ده‌نێردرێت بۆ سنوورى سلێمانى و له‌نێویشیاندا ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوگه‌یه‌ك له‌ بازیان و به‌شێكى تریشی ده‌نێردرێت بۆ سنوورى نه‌فتخانه‌ و خانه‌قین و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئێران، ئێمه‌ خۆمان چاودێریمان كردووه‌ و هه‌روه‌ها برادەریشمان هه‌یه‌ له‌ سنوورى خانه‌قین كه‌ ئاگادارى چۆنیه‌تیى بردنى نه‌وتى كه‌ركووكه‌ و پاشان ئاودیوكردنى بۆ ئێران، ئه‌و پرۆسه‌ى بردنى نه‌وتى كه‌ركووكه له‌دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا زیاتر بووه‌ “.
 
به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد له‌ كه‌ركوك ڕاشیگه‌یاند:”بردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ژێر چاودێریی ده‌زگاى دژه‌تیرۆری عێراقییه‌، كه‌ ئه‌وان ئێستا ده‌سه‌ڵاتى عه‌سكه‌رین له‌ شاره‌كه‌ و پاشان داهاته‌كه‌ی به‌ دابه‌شكراییه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت نه‌ك حكوومه‌ت، به‌ شێوه‌یه‌ك عه‌بادى وه‌كوو لیستى نه‌سڕ و حزبه‌كه‌ى به‌شی هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌شێكى بۆ حه‌شدى شه‌عبی و به‌شێكى تریشی ده‌درێت به‌ گرووپێكى ناو یه‌كێتی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ى له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك چه‌ندین جۆر هێز هه‌ن و ده‌یان بازگه‌یان داناوه‌، كاتێك هه‌ر تانكه‌رێكى پڕ نه‌وت له‌و بازگانه‌وه‌ تێپه‌ڕ بێت ئه‌وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ هه‌ر شۆفێرێكی ئه‌و تانكه‌رانه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش له‌نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كان رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌، سه‌ره‌تا رۆژانه‌ 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌ڕۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركووك، به‌ڵام ئێستا بڕه‌كه‌ى زیادى كردووه‌.
 
ئه‌دهه‌م جومعه‌، گوتیشی: “كه‌ركووك ئێستا حاكمى عه‌سكه‌رى حوكمى ده‌كات، ئه‌گه‌ر سكاڵاش تۆمار بكه‌یت له‌ دادگا، سكاڵاكه‌ت له‌به‌رچاو ناگیرێت، له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ یاسا و دادگا له‌ كه‌ركووك نه‌ماوه‌ و هیچ ئیعتیارێكى بۆ ناكرێ، به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا ده‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگاى به‌یاننامه‌ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌رچاوڕوونیى زیاتر بده‌ین به‌ هاووڵاتییان، كه‌ رۆژانه‌ نه‌وتى شاره‌كه‌مان ده‌دزن و ده‌مانه‌وێت له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا خۆپیشاندانێكى گه‌وره‌ى ناڕه‌زایی رێك بخه‌ین، له‌ دژی دزینى نه‌وتى كه‌ركووك“.
 
له‌ كۆتایی دا به‌رپرسی بزوتنه‌وه‌ی مافی كورد له‌ كه‌ركوك گوتیشی: ” به‌رپرسانى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووك زۆرینه‌یان نزیكن له‌ گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌ر، به‌ڵام گرووپه‌كه‌ى تریان له‌مه‌ڕ دزینى نه‌وتى شاره‌كه‌، ئه‌وانیش بێ ده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌ و ئێستاش له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌ دوو پارێزگاى گرنگ كه‌ ئه‌ویش سلێمانى و كه‌ركووكن، یه‌كێتی كورسیی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌، ئێستاش به‌ په‌له‌ كار ده‌كرێت له‌ دروستكردنى ئه‌و بۆڕییه‌ نه‌وته‌ى نێوان كه‌ركووك – ئێران“.
 
Back to top button