هۆزی كه‌ره‌وی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ گوڵاڵه‌ تۆمار ده‌كه‌ن

هۆزی كەرەویییەكان كە هۆزێكی عەرەبی سوننەی بەعسین، سكاڵا لەسەر مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و چەند بەرپرسێكی تری باڵای یەكێتی تۆمار دەكەن.
 
ئەبو زیاد یەكێك لە كەسایەتییەكانی هۆزی كەرەوی ڕاگەیاند:” هۆكاری گرتنی بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە كە شەش ڕۆژە لە گرتووخانەیە بەهۆی سكاڵای ئێمەوەیە، جیا لەو بەرپرسەیش، ئێمە سكاڵامان لەسەر مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شێركۆ میروەیس ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین و خەلیل خودادا بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە گوڵاڵە تۆمار كردووە و سەرجەمیان دەدەینە دادگا”.
 
لای خۆشیه‌وه‌ خەلیل خودادا بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە گوڵاڵە ڕاگەیاند:” ئێمە لە كۆبوونەوەداین بۆ تاوتوێكردنی سكاڵای هۆزی كەرەوییەكان دژ بە ئێمە و بەرپرسانی تری یەكێتی، بۆ ئەو مەبەستەیش پارێزەرمان گرتووە و داكۆكی لە خۆمان دەكەین”.
 
كەرەوییەكان هۆزێكی عەرەبی سوننە مەزهه‌بن لە كۆتای ساڵانی حەفتاكانه‌وه‌ لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە،هاوردەی گوڵاڵە كراون، دوای ڕووخانی بەعسیش ئەوان بوونە هاوكاری قاعیدە و دواتریش دەستیان لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش تێكەڵ كرد، پاش خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەر جارێكی تر له‌ باقوبه‌وه‌ گەڕانەوە ناوچەكە، دەستیان بە كوشتنی كورد و تاڵانی ماڵی كورد و سووتاندنی خانوو و دووكانەكان كرد، ئێستا سكاڵای یاساییان له‌سه‌رمەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شێركۆ میروەیس ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین و خەلیل خودادا بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی تۆمار كردووه‌ .
Back to top button